KDC

هۆڵەندا: شاندی باڵای کۆنفیدراسیۆن زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ فیدراسیۆن و پلاتفۆڕم سازدا

شاندی باڵای کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کودستانی، لە سەردانێکیاندا بۆ هۆڵەندا، زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ فیدراسیۆن ، پلاتفۆڕم و نوێنەرانی کۆمەڵگەی کوردی لەو وڵاتە ئەنجامدا.
بە سەرپەرشتی دکتۆر ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن و شاندی باڵای یاوەری، کە پێکهاتبوون لە قارەمان عوسمان، بەرپرسی نووسینگەی شفا بارزانی، شوکری بەرواری، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن و بەرپرسی بەشی دارایی؛ شەرمین بۆز ئەرسلان بەرپرسی بەشی ڕێکخستن، زنجیرەیەک دیداریان لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا ئەنجامدا، کە تێیدا ئاڵا عەنبەرخان، سەرۆکی فیدراسیۆن و نوێنەری کۆمەڵە کوردییەکانی ناو فیدراسیۆن ئامادەی بوو.
لەمیانی کۆبوونەوەکاندا، کۆمەڵێک بابەتی پەیوەست بە کاروباری کۆمەڵگەی کوردی لە هۆڵەندا تاوتوێ کران و سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن، جەختی لەسەر گرنگیدان بە کاروباری کۆمەڵگەی کوردی و سازدانی چالاکی بۆ منداڵان و گەنجان و ژنان و ئەنجامدانی سیمیناری گشتی بۆ ڕوونکردنەوەی ئامانجەکانی کۆنفیدراسیۆن کردەوە. هەروەها باسی لە گرنگی بەشداریی کۆمەڵگەی کوردی و گرنگی پەیوەندیی دووقۆڵی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆڵەندا و ناساندنی کولتووری کوردی بە کۆمەڵگەی هۆڵەندا لە ڕێگەی چالاکی جۆراوجۆر کردەوە. هاوکات گرنگیدان و هاندانی خوێندکاران و لاوان بۆ بەرەو پێشبردنی دۆزی کورد لە سەرتاسەری کوردستان و بۆ داکۆکیکردن لە پرسە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

لای خۆیەوه، سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە هۆڵەندا، جەختی لەسەر بەردەوامی چالاکیی جۆراوجۆر و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی له ڕێگەی سیمینار و چالاکیی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمەڵگەی کوردی کردەوه .

هەر لەمیانی سەردانی شاندی کۆنفیدراسیۆن بۆ هۆڵەندا، کۆبوونەوەیان لەگەڵ پلاتفۆڕمی کوردی بۆ کاری هاوبەش، کە ئەندامی کۆنفیدراسیۆنن، ئەنجامدا.
عەلی هرووری، سەرۆکی پلاتفۆڕمەکە، بەخێرهاتنی شاندی کۆنفیدراسیۆن کرد، شاندەکە لە چالاکییەکانی پلاتفۆڕمەکە ئاگادار کرانەوە، کە ژمارەیەک کۆمەڵەی کوردی لە هۆڵەندا لەخۆ دەگرێت.
هەروەها سەرۆکی پلاتفۆڕم، ڕوونکردنەوەیەکی وردی سەبارەت بە چالاکییەکانی ئێستا و داهاتووی پلاتفۆڕمەکە پێشکەش کرد، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵە کولتوورییە کوردییەکان لە هۆڵەندا ئەنجام دەدرێن. هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ پلاتفۆڕمەکە دەربڕی.

لای خۆیەوە، ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن، خۆشحاڵی خۆی بەو سەردانە دەربڕی و ڕوونی کردەوە، کە لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی کاری کۆمەڵە کوردییەکان لە هۆڵەندا و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتییەکان لە هەموو بووارەکاندا دێت. هەروەها سەرسامی خۆی بە ئاستی هەماهەنگیی نێوان پلاتفۆڕم و کۆمەڵە کوردییەکان لە هۆڵەندا دەربڕی و ئامادەیی کۆنفیدراسیۆنی دەربڕی بۆ پشتگیریکردنی چالاکییەکانی پلاتفۆڕمەکە، چ لە ڕووی دارایی چ لە ڕووی مەعنەوی. هاوکات جەختی لەسەر پێویستی بەشداریکردنی کۆمەڵە کوردییەکان کردەوە، کە لە چالاکییەکانی پلاتفۆڕمەکەدا بە شێوەیەکی هەماهەنگ و وەک یەک تیم بن.

شاندی باڵای کۆنفیدراسیۆن، کۆبوونەوەیەکی دیکەی هەمەلایەنەی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵە و نوێنەرانی پارتە کوردییەکان لە هۆڵەندا ئەنجام دا.
لەو کۆبوونەوانەدا، ژمارەیەک لە نوێنەرانی کۆمەڵگەی کورد و ڕۆشنبیرانی کورد لە هۆڵەندا ئامادە بوون.
سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن، هەڵسەنگاندنی بۆ دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆن و ئەو ئامانجانەی کرد، کە دەیەوێت لە خزمەتکردنی پێکهاتەی کوردی لە سەرانسەری جیهاندا بەدەستی بهێنێت. ڕوونیشی کردەوە، کە کۆنفیدراسیۆن، نوێنەر و ئەندامانی هەموو پارچەکانی کوردستان لەخۆ دەگرێت، هەروەها جەختی لەسەر سەربەخۆییی کارەکانی کۆنفیدراسیۆن وەک ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیی کردەوە و داواشی لە بەشداربووان کرد، کە پشتیوانی چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆن بکەن.
بەشداربووان چەندان پێشنیار و بیرۆکەیان بۆ باشترکردنی کاروباری گشتیی خستە ڕوو. هەروەها پشتیوانی خۆیان بۆ چالاکییەکانی کۆنفیدراسیۆن لە بووارە جیاجیاکاندا دەربڕی.

لە کۆتاییدا، پلاتفۆڕمی کوردی بۆ کاری هاوبەش، میوانداریی ئێوارە خوانێکی بۆ ئامادەبووانی کۆبوونەوەکان سازدا و لە کەشێکی ئەرێنیدا، ئامادەبووان بۆچوونەکانیان لەسەر زۆر بابەتی گرنگ بە تایبەت ئایندەی ڕەوەندی کوردستانی و پێویستی ئەنجامدانی چالاکیی فەرهەنگی و هونەری زیاتر و پشتیوانی لە دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە سەرتاسەری کوردستاندا خستە ڕوو.
دوواتر شاندی کۆنفیدراسیۆن، بەرەو ئەمستردام بەڕێکەوتن، کە بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی کۆمەڵە کوردییەکان ئەنجامبدەن، ئەوەش بۆ ئاشنابوون بە کۆنفیدراسیۆن و پێویستی هەماهەنگیی هاوبەش لە چالاکییەکانیان.

___

ناوەندی بەریتانیا لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئێراق لە لەندەن خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

nusar1

فیدراسیۆنی فەرەنسا بە هاوکاری سەرۆکی شارەوانی چالاکییەکیان بۆ یادی کارەساتی هەڵەبجە ئەنجامدا

nusar1

تەرمی کۆچبەران لە نێوان بیلاڕوس و پۆڵەندا دۆزراوەتەوە،کە لەلایەن ئاژەڵە کێوییەکان پارچە پارچە کراون

nusar1
KDC

FREE
VIEW