ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-ڤانکۆڤەر، بە مەراسیمێک یادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانیان کردەوە، کە بەڵگە فیلم و چەند بابەتێکی دیکە پێشکەش کران.
ڕێکەوتی ٣-٨-٢٠٢٥، وەکوو وەفایەک و ڕێزگرتنێک لە قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال، ناوەندی ڤانکۆڤەری ڕەوەندی کوردستانی، مەراسمێکی رێکخست، کە تیایدا چەند بڕگە و بابەت پێشکەش کران، سەرەتای گردبوونەوەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەست پێکرد، دواتر خولەکێک بێ دەنگی و بە پێوەڕاوستانی ئامادەبووان وەفا و هاوخەمییان بۆ ڕۆحی قوربانییانی ئەو کارەساتە دەربڕی، دواتر وتە و پەیامی ڕەوەند لە لایەن بەڕێز شیرین جیهانی، ئەندامی یەدەکی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پێشکەش کرا.
هەر لە مەراسیمەکەدا، چەند پارچە میوزیک و گۆرانی خەمگینی تایبەت بەو ڕۆژە پێشکەش کران و ئامادەبووانی بردەوە ناو ئەو ڕۆژە کارەساتبارە، دوواتر بەڵگە فیلمێکی تایبەتی ئەو کارەساتە لە زمانی قوربانییانی ئەو تاوانە، بە ناوی Under Blacl لە دەرهێنانی سینەماکار شیرین جیهانی پێشان درا، کە فرمێسکی لە چاوی ئامادەبووان بە دوای خۆیدا هێنا.
پاشان بابەتێکی بەپێز بە ناونیشانی کۆمەلکوژی شنگال برینێک لە جەستەی نیشتمان، لە لایەن بەڕێز د. ڕەحیم سورخی، مامۆستای زانکۆ پێشکەش کرا و باسی میژووی ئێزدی و ئەو کارەساتانەی، کە بەسەر ئەو گەلە ڕەسەنە هاتوون و زۆر لایەنی شاراوەی ناو مێژوو و سروشتی ئێزدی کرد، دوواتر لە لایەن بەڕێز محەمەد خادەمیانی باسی پەیوەندیی دەوڵەتی کەنەدا بە پرسی ئێزدی و ئاوڕدانەوەی لە وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەرانی ئێزدی و بە فەرمیی ناسینی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی لە شنگال کرد.
پاشان سەرنج و ڕای بەشداربووانی ئامادەبوو بە هەند وەرگیرا، کە پێویستە کاری زیاتر بۆ ئەم کەیسە بکرێت و لۆبی و کاری جدی لەسەر بکرێت.
جێی باسە، ئەو ئامادەکارییە، کە لە لایەن عیسا مێرگەسۆری لە ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی ڤانکۆڤەر و لەژێر بڕیاری ڕەوەندی کوردستانی ساز کرابوو، بووە جێگای خۆشحاڵی ئامادەبووان و هیوای گوڕ و تینی زیاتریان خواست بۆ سازدانی ئەو جۆرە مەراسیمە نیشتمانی و نەتەوییانە.

