کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە بەشداری ڕەوەندی کوردستانی و نوێنەرانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان، لە شاری زیورخ، بە ڕێڕەسمێک هەشتەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی کوردستانی باشووریان بەرزڕاگرت.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی٩ی٢٠٢٥، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، گردبوونەوەیەکیان بۆ ٨ەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور ساز کرد، هاوکات نوێنەرانی چەند لایەنێکی سیاسیی کوردستانیش بەشداری بوون.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە، پاش وتەی بەخێرهاتن و ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سروودی نیشتمانی ئەی ڕەقیب، وتاری کۆنفیدراسیۆن بە زمانی کوردی (سۆرانی و کرمانجی) و زمانی ئەڵمانی لە لایەن (سەیران کەریم سەرۆکی فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی- سویسرا، جەعفەر ستیک لە کۆمکار و خاتوو ڕووناهی ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ناوەندی زیورخ خوێنرانەوە، پاشان سەربەست نێروەیی بەرپرسی لیژنەی ناوچەی سویسرای پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد، هەروەها عەمار داود بەنوێنەراتیی ناوەندەکانی سویسرا (زیورخ ،بازل، جنێف) وتارێکی پێشکەش کرد، عبدولباقیش وتاری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی سوریای خوێندەوە، دواتر خاتوو رێحانەی شاعیر هۆنراوەیەکی پێشکەش کرد.
بەشێکی دیکەی مەراسیمەکە، لە لایەن ئامادەبووان بە گشتیی ئاڵای کوردستان و لۆگۆی کۆنفیدراسیۆن، کە لەسەر باڵۆن (میزەڵان) نەخشێنرابوون، لەناو چەپڵەڕێزان و وتنی بژی کوردستان بۆ ئاسمان هەڵدران.
لە سەرەتا و کۆتاییی ڕێوڕەسمەکە، هونەرمەندی لاوی دەنگخۆش دلژین بیار، بە خۆی و تەنبوورەکەی چەند ستران و ئاواز و دیلانی پێشکەش کرد، کە ئامادەبووان بە خۆشی و شادی ئەم یادە شکۆمەندەیان بە هیوای دواڕۆژێکی گەش بەسەر برد.
لە کۆتاییدا، داخوازی و داواکاری ئەم ڕێوڕەسمە لە لایەن سۆران حەسەن، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی سویسرا خوێنرایەوە.

