سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە دەیان گەنجی کوردی پارچە جیاوازەکانی کوردستان کرد، ئەوەش بە ئامادەبونی ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، یاد ئەمین بەرپرسی فیدراسۆنی لاوان .
ڕۆژی یەکشەممە 5ی ١٠ی 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازی لە 110 گەنجی پارچەکانی کوردستانی دانیشتووی دیاسپۆرا کرد کە لە ناویاندا ژمارەیەک گەنجی وڵاتانی ئەوروپاییش هەبوون.
لەسەرەتای دیدارەکە، بەڕێز ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاڵپشتیکردن لە هەوڵی کۆکردنەوەی کوردستانییانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوەییان، دواتر یاد ئەمین سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پاڵپشتییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، کورتەیەکی لەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی و سازدانی ئەم گەشتە بۆ جەنابیان باس کرد، هەروەها تیشکی خستەسەر ئامانجە نزیک و دوورەکانی ئەم پڕۆگرامە، هەروەها بە ناوی سەرجەم گەنجانەوە سوپاس و پێزانینی بۆ ڕێزدار شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی دەربڕی ، هاوکات ماندووبوونی بەڕێز قارەمان عوسمانی بەرز نرخاند.
هەر لەو دیدارەدا، سەرۆک بارزانی باسی لە گرنگی کۆبوونەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نەتەوەیی لەپێناو پاراستنی کولتوور و زمان و شوناسی نەتەوەیی و پاڵپشتیکردنی دۆزی ڕەوای کوردستان کرد، هاوکات جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە گەنجانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێت پێگە و سەنگیان هەبێت لە ئۆرگان و دامەزراوە ئەوروپیەکاندا و بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن و ببنە پردێکی بەهێزی پەیوەندی لەنێوان دیاسپۆرا و نیشتمان و لە دەرەوەش لۆبییەکی بەهێز بن لە بوارەکانی دیبلۆماسی و سیاسی و فەرهەنگی بۆ کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەنابی سەرۆک بارزانی، باسی لە بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و جەختی لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی دۆزی ڕەوای کوردستان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کردەوە.

