سەرپەرشتیاری گشتیی رەوەندی کوردستانی، لە ئەڵمانیا لەگەڵ رێکخراوێکی گەورەی گەنجانی کوردی دانیشتووی ئەو وڵاتە کۆبووەوە، رێکخراوەکەش بە فەرمیی هاتنە ژێر چەتری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی١١ی٢٠٢٥، شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، لە درێژەی هەوڵەکانی بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی کوردانی دیاسپۆرا بە ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، لە ئەڵمانیا لەگەڵ ڕێکخراوی کوردستان21 کۆبووەوە.
ئەو ڕێکخراوە هەزاران گەنجی کوردی دیاسپۆرا لەخۆ دەگرێت و بەم کۆبوونەوەیە بە فەرمیی هاتە ڕیزی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی.
قارەمان عوسمان بەرپرسی نووسینگەی شفا بارزانی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، کە ئامانجی سەرەکیی ئەو کۆبوونەوەیە، هاوکاریکردنی یەکترە بۆ پەرەپێدانی کارەکانی ڕەوەندی کوردستانی.
بە گوتەی قارەمان عوسمان، لە کاتی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنەکەوە گرنگییەکی زۆر بە گەنجانی کوردی دەرەوەی وڵات دراوە و توانراوە گەنجان لەژێر چەتر و ئاڵای کوردستاندا کۆبکرێنەوە و هەستی نیشتمانییان بەهێز بکرێت.
قارەمان عوسمان جەختی لەوە کردەوە، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەرهەمی دید و هزری سەرۆک بارزانییە بۆ دروستکردنی چەترێکی یەکگرتوو بۆ کوردانی دیاسپۆرا، ئەوەش بە ئامانجی پشتگیریکردنی یەکتر و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان.
بەرپرسی نووسینگەی شفا بارزانی وتی: ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەم چەترە فراوانتر دەبێت و خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان دێنە ناویەوە، چونکە دەزانن تاکە سەرکردە و مەرجەعی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان سەرۆک بارزانییە.
ئاماژە بەوەش دەکات، یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی گرنگی پێدانی گەنجان بە کۆنفیدراسیۆنەکە، سەردانی 106 گەنجی دیاسپۆرا بوو بۆ هەرێمی کوردستان و پێشوازیی کردنیان لە لایەن سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: ڕێکخراوی کوردستان21، کە زۆرینەی ئەندامەکانی کوردانی ڕۆژاوای کوردستانن و لە بواری وەرزشدا چالاکن و تۆڕێکی بەرفراوانیان لە شارەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە هەیە، ئێستا دەیانەوێت بێنە ژێر ئەو چەترە نیشتمانییەی سەرۆک بارزانی دروستی کردووە.
قارەمان عوسمان ئاماژەی بەوەشدا، ئاستێکی زۆر باش لە کۆکردنەوەی کوردانی دیاسپۆرا بەدەست هاتووە و زۆرینەی کۆمەڵە و ڕێکخراوە پەرتەوازەکانی کورد یەکخراون، وتیشی: بە ڕێژەیەکی زۆریش توانیمان هاودەنگی و یەکدەنگی بۆ ناو دیاسپۆرای کوردستانی بگەڕێنینەوە، بەڵام هێشتا کاریش ماوە.
ئەو جەختی لە بەردەوامبوونی کار و چالاکییەکان کردەوە بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بناسێت و بتوانرێت ئامانجی سەرۆک بارزانی بۆ یەکخستنی کوردانی دیاسپۆرا بە تەواوەتی بێتە دی.
جێی باسە، ئەم کۆبوونەوەیە و هاوپەیمانێتییە نوێیە، وەکوو هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکرێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان گەنجانی کورد لە دیاسپۆرا و نیشتمان، هەروەها پتەوکردنی یەکڕیزی و ناسنامەی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات.
