نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بەشداری نزایی لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد و پەیامی پێکەوەژیانی کوردستانی گەیاند.
لەنێوان ڕۆژانی ٢ بۆ ٤ی ١٢ی ٢٠٢٥ ڕەحیم ڕەشیدی، بەرپرسی ئۆفیسی پەوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، وەک تاکە نوێنەری کوردستان و لەسەر بانگهێشتی فەرمی، لە ٢٨هەمین نزای بەیانیی پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسلی پایتەختی بەلجیکا بەشدار بوو.
لەو بۆنەیەدا کە نزیکەی ٥٠٠ کەسایەتیی جیهانی ئامادەی بوون، ڕەشیدی پەیامی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتەکانی لە کوردستان گەیاند و داوای پشتگیریی بۆ سەقامگیریی ناوچەکە کرد.

لە پەراوێزی بەشداریی کردنەکەیدا، نوێنەری کۆنفیدراسیۆن چاوی بە ژمارەیەک لە کەسایەتییە باڵاکانی ئەوروپا و جیهان کەوت، لەوانە: ڕۆبێرتا مێتسولا سەرۆکی پەرلەمانی ئەورووپا؛ برایان بێر باڵیۆزی ئەمریکا لە ڤاتیکان؛ ئەندرۆ پوزدەر باڵیۆزی ئەمریکا بۆ یەکێتی ئەوروپا؛ شازادە چارڵز ئادرین شازادەی بەلجیکا؛ شازادە نیکۆلاسی لیختنشتاین؛ فێرگس ئۆبیر ئەندامی دەستەی باڵای سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا، ئیدوارد هیگەر سەرۆک وەزیرانی پێشووی سلۆڤاکیا. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی نوێنەری کۆنفیدراسیۆن، تیشک خستنە سەر کولتوریی دەوڵەمەندی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستان.
ڕەشیدی ئاماژەی بەو ستەم و زۆردارییە کرد، کە لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دژی پێکهاتەکان ئەنجام دەدرێت و لە بەرانبەردا جەختی لە پابەندبوونی کوردستان بە پاراستنی مافی هەموو لایەک کردەوە.
ناوبراو وتەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی بەبیرهێنایەوە، کە دوای هێرشەکانی داعش، ڕووی لە پێکهاتەکان کرد و فەرمووی: ”پێکەوە دەژین و پێکەوەش دەمرین”.

هەروەها وێنەی پێشوازیی گەرمی خەڵکی کوردستان لە پاپا فرانسیس و گەڕاندنەوەی خاچ لە لایەن پێشمەرگەوە بۆ کڵێسایەکی زیانلێکەوتوو، وەک دوو نموونەی زیندووی ئەم کولتورە خستەڕوو.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، باسی لە دۆخی ئازادیی پێکهاتەکان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و سیستمی کورسیی کۆتا لە پەرلەمانەکانی کوردستان و عێراق کرد.
نوێنەری کۆنفیدراسیۆن پێداگریی کردەوە، کە سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
جگە لە دیدارە باڵاکان، ڕەشیدی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پەرلەمانی وڵاتانی سوید، هۆڵەندا، پورتوگال، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا، ئەڵمانیا، ئۆکرانیا، لوبنان، سویسرا و بەلجیکا ئەنجامدا.
لایەنێکی دیکەی کارەکانی رەشیدی، گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ ژمارەیەک بازرگان، پارێزەر، قەشە و ڕێکخراوی خێرخوازیی دەربارەی گەشەی ئابووری و هەلی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. وەک دەرەنجامێکی کردەیی، لەسەر پێشنیازی ناوبراو، شاندی دوو وڵاتی بەشداربوو بڕیاریان دا کار لەسەر دامەزراندنی (کۆمیتەی پەرلەمانیی دۆستایەتیی کوردستان )و (ژووری بازرگانیی هاوبەش ) بکەن. هەروەها بڕیارە شاندی پەرلەمانیی هەردوو وڵات بەشداری لە نزای بەیانیی کوردستاندا بکەن.
لە هەنگاوێکی دیکەدا و لە ئەنجامی هەوڵەکانی کۆنفیدراسیۆن، بڕیار درا شاندێکی بازرگانیی کوردستان ساڵی داهاتوو بەشداری لە کۆنفرانسێکی گرنگیی ئابووریدا بکەن، کە چەندان وەبەرهێنەری نێودەوڵەتیی تێیدا ئامادە دەبن.
