نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ پەرلەمانتارێکی فینلاند کۆبوونەوە،هەروەها بانگهێشتی هەرێمی کوردستانی کرد و ئەویش بەڵێنی دا، کە ساڵی داهاتوو سەردانی کوردستان بکات.
مستەر کورد لەگەڵ پیتەر ئۆستمەن، ئەندامی پەرلەمانی فینلاند لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا کۆبوەووە، و دوای ڕاگۆڕینەوە، جەختیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ڕۆژاوا کردەوە، هاوکات ڕۆڵی کوردستان وەک هۆکارێکی سەرەکی بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەرز نرخێنرا.
لەو کۆبوونەوەیەدا، هەردوولا گفتوگۆی چڕیان دەربارەی دۆخی هەنووکەییی جیهان کرد. تەوەرێکی سەرەکیی دیدارەکەش تایبەت بوو بە مەترسییەکانی پەرەسەندنی هزری توندوتیژی ئیسلامی لەسەر ئاستی جیهان بەگشتی و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی .
هەروەها بە وردی باس لە پێگە و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان کرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ڕەحیم ڕەشیدی، نوێنەری کۆنفیدراسیۆن، بانگهێشتێکی فەرمیی ئاراستەی پیتەر ئۆستمەن کرد بۆ ئەوەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات، ئەوەش بە مەبەستی ئاشنابوونی زیاتر بە ئاستی گەشەسەندن و پێشکەوتنەکانی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا. لە بەرامبەردا، پیتەر ئۆستمەن وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ ئەو دیدارە و بانگهێشتەکە، بەڵێنی دا، کە لە ساڵی داهاتوودا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
ئەو پەرلەمانتارەی فینلاند، سەرسامیی خۆی بە کولتوریی دێرینی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە کوردستان نیشان دا و بە نموونەیەکی گەش لە ناوچەکەدا وەسفی کرد.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا سوربوونی خۆیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە چەند بواری جێی بایەخدا دووپاتکردەوە.
