فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیی سویسرا بەشداری ڕێوڕەسمی ماتەمینیی کارەساتی کرانس مۆنتانایان کرد و پەیامی هاوخەمیی کوردانی دانیشتووی سویسرایان گەیاندە بەرپرسانی حکوومی و کەسوکاری قوربانییان.
ڕۆژی هەینی، ٩ی ١ی ٢٠٢٦، فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سویسرا، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ماتەمینیی نیشتمانی بۆ قوربانییانی کارەساتەکەی کرانس مۆنتانا کرد، هاوکات لە ڕێوڕەسمەکەدا پەیامی هاوخەمی و هاوسۆزیی کوردانی دانیشتووی سویسرایان گەیاندە بەرپرسانی حکوومی و کەسوکاری قوربانییان.
لوقمان محەمەد، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانیی فەرەنسی زمان (جنێڤ) و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیی سویسرا، وەک نوێنەری فیدراسیۆنەکە لە شاری مۆنتێی سەر بە کانتۆنی ڤالێ، ئامادەی مەراسیمەکە بوو.

ناوبراو نامەی فەرمیی ماتەمینی و هاوخەمیی ڕەوەندی کوردستانیی گەیاندە شارەوانیی کرانس مۆنتانا. هەروەها لە کڵێسای مۆنتێ، یاداشتێکی بۆ گیانی قوربانییان نووسی و وەک هێمایەک بۆ وەفا و هاوسۆزی چەپکە گوڵی پێشکەشی ڕووحی قوربانییان کرد.
شایانی باسە، ڕۆژی هەینی، ماتەمینیی نەتەوەیی لە سەرانسەری سویسرا ڕاگەیەنرا. لە مەراسیمەکەدا سەدان کەس، لەوانە گی پارمێلین سەرۆکی فیدراڵیی سویسرا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە کرانس مۆنتانا کۆبوونەوە بۆ ڕێزگرتن لەو قوربانییانەی، کە لە ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی سەری ساڵدا گیانیان لەدەست دا. سەرۆکی سویسرا لە وتارێکدا ئاگرکەوتنەوەکەی بە “یەکێک لە خراپترین ئەو کارەساتانە” وەسف کرد، کە وڵاتەکە تا ئێستا بە خۆیەوە بینیوە. هاوکات لە تەواوی وڵاتدا بۆ ڕێزلێنان و یادکردنەوەی قوربانییانی کارەساتەکە، خولەکێک بێدەنگی ڕاگیرا و زەنگی کڵێساکان لە سەرانسەری سویسرا لێ دران. ئەنجوومەنی فیدراڵی و کڵێسا مەسیحییەکان داوایان لە هاووڵاتییان کردبوو، کە ئەو ساتە بۆ یادکردنەوەی کۆچکردووان تەرخان بکەن و هاوسۆزیی خۆیان بۆ بریندارەکان و خێزانەکانیان پیشان بدەن.
