کار بۆ پێگەیاندنی کادری نیشتمانی دەکرێت
بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پشتیوانیکردنی نەوەی نوێ لە کایەی ئەکادیمیدا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە لوکسەمبورگ، دیدارێکی ناسینی بۆ ژمارەیەک لە قوتابییانی کورد لە زانکۆی ئەو وڵاتە ڕێکخست.
دەستپێکی دیدارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزلێنان لە گیانی مەلا مستەفا بارزانی وەک سیمبوڵی خەباتی کورد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەستیپێکرد، پاشان ئەسکەندەر تامۆ، لە وتارێکدا تیشکی خستە سەر ئامانج و کارنامەی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی و ئاماژەی بەوە کرد، ناوەندەکەیان تەواوی هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی گەنجانی کورد و ئاسانکاری بۆ تێکەڵبوونیان لە کۆمەڵگەی لوکسەمبورگدا خستووەتە گەڕ، بە تایبەت بۆ ئەوەی بتوانن لە خوێندنەکەیاندا سەرکەوتن بەدەست بهێنن.
لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا، جەخت لەسەر بەهێزکردنی توانای گەنجان و هاندانیان بۆ بەشداریی کارا لە بوارە سیاسی و ئەکادیمییەکاندا کرایەوە.

ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵانە پێگەیاندنی کادری نیشتمانییە کە بتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا وەک باڵیۆزێکی چالاک داکۆکی لە دۆزی کورد بکەن و هەنگاو بەرەو بەدیهێنانی ئاواتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بنێن.
کۆتایی دیدارەکە بە خوانێکی هاوبەش و پێشکەشکردنی موزیک و گۆرانی ڕازێنرایەوە، کە بووە هۆی دروستکردنی کەشێکی گەرمی پڕ لە دۆستایەتی و زیندووکردنەوەی نەریتە کوردییەکان لەنێو بەشبوواندا.
ئەم چالاکییە وەک بەشێک لە ستراتیژی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە لوکسەمبورگ دێت بۆ کۆکردنەوەی ڕەوەندی کوردی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، ناوەندەکە گەنجان و قوتابییان بە ستوونی سەرەکیی داهاتوو و نوێنەری ڕاستەقینەی کولتووری کوردی لە ئەورووپا دادەنێت و بەردەوام کار بۆ بەهێزکردنی پێگەیان دەکات.
