بە پۆشینی جلوبەرگی نەتەوەیی..قوتابیانی قوتابخانەی کوردستان لە بەلجیکا بانگەشە بۆ نەورۆز دەکەن
قوتابیانی قوتابخانەی کوردستان لە شاری لیوڤنی وڵاتی بەلجیکا، بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردییەوە پەیامی خۆیان بۆ ئاهەنگەکانی نەورۆزی ئەمساڵ ڕاگەیاند کە بڕیارە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
دەستەی بەڕێوەبەریی قوتابخانەکە ڕۆژی 8ی مارسی 2026_یان بەتایبەت تەرخانکرد بۆ ئەوەی سەرجەم قوتابیانی کوڕ و کچ بە جلوبەرگی نەتەوەییەوە ئامادەی وانەکان ببن.
ئامانجی سەرەکیی ئەم چالاکییە بانگەشەکردن بوو بۆ فیستیڤاڵ و ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ کە لە شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا سازدەکرێت، تاوەکو لەو ڕێگەیەوە پەیامی بەشداریی گەرم و هێشتنەوەی کولتووری کوردی لە تاراوگە بگەیەنن.
قوتابخانەی کوردستان لە شاری لیوڤن، پڕۆژەیەکی پەروەردەییە و لەلایەن ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەلجیکا سەرپەرشتی دەکرێت کە ناسک نەسیری بەرپرسیارێتیی ناوەندەکەی لە ئەستۆدایە، قوتابخانەکە هەموو ڕۆژانی یەکشەممە کراوە دەبێت و وانەکانی زمانی کوردی، هونەر و بابەتە نەتەوەییەکان بە منداڵانی کورد دەوترێتەوە، پرۆسەی فێرکردنەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن مامۆستایان ناسک و ئاراس دەوترێنەوە، هاوکات هەریەک لە عەبدولڕەزاق، سەیران و شادیە وەک تیمی هاوکار ڕۆڵێکی بەرچاو لە بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی قوتابخانەکەدا دەگێڕن.
منداڵانی کورد لە دەرەوەی وڵات (وەک بەلجیکا) دەژین، ئەو هەلەیان بۆ ڕەخسێندراوە کە زمان و کولتوور و مێژووی کوردی فێربکرێن بۆ ئەوەی پەیوەندیان لەگەڵ ڕیشە و نیشتمانەکەیان نەبڕێت و ئاشنابن بەفەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی.
