ئامادەکردنی : سۆران حەسەن
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی وێبنارێکی سیاسی لە ڕێگەی پرۆگرامی زوومەوە پێشکەش کرد، کە ئامادەکردن و پێشکەشکاری لەلایەن شوعلە ڕەسولەوە ئەنجامدرا. ئەم وێبنارە لە ڕۆژی شەممە 14-2-2026 بە بەشداری د. حەسەن ئەحمەد مستەفا، مامۆستای زانکۆ و نووسەر، بەڕێوەچوو.
بابەتی وێبنارەکە بەناونیشانی
«شیکارکردنی ئەکادیمی بۆ خۆپیشاندانەکانی پشتیوانی لە ڕۆژئاوایی کوردستان» بوو، کە لەگەڵیدا گفتوگۆیەکی فراوان سەبارەت بە ڕۆڵی دیاسپۆرای کورد لە هۆشیاری و بەرپرسیارێتی سیاسی و دروستکردنی هۆشیاری سازکرا.

گرنگی خۆپیشاندانەکان و کاریگەرییەکان
لە سەرەتای وێبنارەکەدا، دکتۆر حەسەن باسی لە گرینگی و بەشداری خۆپیشاندانەکان کرد و ئاماژەی بە کاریگەریی ڕووداوەکان و سمبولەکانی ئازادی و بەردەوامی ژیان دا. ئەو باسیکرد کە چۆن کەزی و هەروەها سمبولەکانی تر لە مێژووی نوێی خەباتی گەلی کورددا وەک عومەر خاوە، ئالان کوردی و کەزی، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر ڕای گشتی و ڕووداوە سیاسییەکان داناوە.
یەکدەنگی و چەتری نەتەوەیی
دکتۆر حەسەن ئاماژەی بە لێکدانەوە پێشووەکان بۆ ڕەوەندی کورد کرد و باسیکرد کە پێشتر وێنەیەکی تێکەڵ نەبوون لە کۆمەڵگەی ڕەوەندی دروستکرابوو، بەڵام خۆپیشاندانەکان ئەو لێکدانەوەی پێچوانەیان سەلماند. یەکدەنگی و یەکڕەنگی وەک کۆمەڵگەیەکی هەبوو کیان هەستایە سەرپێ و دەنگی گەلی خۆی گەیاندە ناوەندەکانی دەرەوە.
ئەمەش گرنگی کۆکەرەوەی چەتری نەتەوەیی لە نێو ڕەوەندی کوردستانی خستە ڕوو، کە هاوبەشە لەگەڵ پەیامی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی؛ پەیامێک کە لە قۆناخێکی مێژووی گرنگدا هیوابەخشە بۆ گەلێکی زیندوو کە لە دەرەوەشدا لە ژێر چەتری بیر و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیدا ماوەتەوە.

خوێندنەوەی گشگیر و پەیام بۆ لایەنە سیاسییەکان
بەشی تر لە وتەکانی دکتۆر حەسەن تایبەتمەند بوو بە خوێندنەوەیەکی گشگیرتر بۆ نەوەی نوێی ناوخۆ و دەرەوە. هەروەها پەیامێکی ڕوونی بۆ لایەنە سیاسییەکان ئاراستەکرد بۆ ئەوەی لە مەسجی یەکدەنگی و یەکڕەنگی تێبگەن و بەرپرسیارێتییەکانیان بە شێوەیەکی نەتەوەیی ببینن.
شیکاری جوگرافیایی و سیاسی
لە تەوەرێکی تردا، وێبنارەکە باسی لە جوگرافیای ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژئاوا کرد و شیکارێکی سیاسی و سەربازی بۆ ڕووداوەکان پێشکەشکرا. دکتۆر حەسەن ئاماژەی بە پەیوەستبوونی کورد بە کۆچ و ڕێڕەوی مێژوویی خۆی کرد و باسیکرد کە ئەم کۆچە مێژووییانە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە تێپەڕیون و گەورەیی ڕووداوەکان سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوون.
گفتوگۆ و بەشداریی ئامادەبووان
لە کۆتاییدا بوار بە ئامادەبووان درا کە بیروڕا و پرسیارەکانیان بخەنە ڕوو، کە ئەمەش دەرفەتێکی گرنگی دا بۆ فراوانبوونی گفتوگۆ و لێکدانەوەکان. ئەم بەشدارییە زیاتر هیوابەخشی بە وێبنارەکە دا و دەرفەتێکی تر بۆ لێکۆڵینەوە و شیکارەکان ڕەخساند
