بە ئامادەبوونی ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بەلجیکا سیمینارێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ساز کرد، کە چەندان کەسایەتی سیاسیی بەلجیکی و کورد بەشدارییان کرد.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ١١ی ٢٠٢٥، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بەلجیکا بە هاوکاریی کۆمەڵەی هێڤی و ڕێکخراوە بەلجیکییەکانی وەک “Semalka” و “AIDA”، لە شاری لێۆڤنی، سیمینارێکی بەرفراوانیان بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤمبەر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ساز کرد.

سیمینارەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی دیاری بەلجیکی و نوێنەرانی ڕەوەندی کوردستانیی بەڕێوەچوو ، تیشک خرایە سەر ئەو توندوتیژییانەی، کە ڕووبەڕووی ژنانی کورد دەبنەوە.
هەروەها چەندان کەسایەتیی سیاسیی بەلجیکی لە پارتە جیاوازەکانەوە بەشدا بوون، لەوانە، زێگەر دێبایسەر، بەرپرسی پارتی (N-VA) لە شارەوانیی لێۆڤن و خاتوو ڤێرلی بۆڤاین، ئەندامی دەستەی کارگێڕی لە هەمان شارەوانی. هەروەها لە پارتی (CD&V)، دیرک ڤانسینا، جێگری پارێزگاری لێۆڤن و خاتوو ئەنەمی مۆریس، بەرپرسی مافی ئافرەتان لەو پارتەدا ئامادەبوون، لەگەڵ ستین ڤێرهۆفستاد، ئەندامی پارتی سەوزی بەلجیکا.
دەستپێکی سیمینارەکە بە وتاری بەخێرهاتن لە لایەن خاتوو ناسک نەسیری، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی-بەلجیکا و خاتوو دێردرا، بەرپرسی ڕێکخراوی سێماڵکا بە زمانەکانی کوردی و هۆڵەندیی پێشکەش کرا و پاشان ئامادەبووان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان خولەکێک بە بێدەنگی وەستان.

تەوەری سەرەکیی سیمینارەکە بریتی بوو لە شیکردنەوەی ڕەهەندە جیاوازەکانی توندوتیژیی دژی ژنانی کورد. لەم چوارچێوەیەدا، خاتوو مۆنیک سمیت، چالاکوانی مافی مرۆڤ و خاتوو سەیران زاوێتەیی، بەرپرسی کۆمیتەی ئافرەتان لە بەلجیکا، باسێکی وردیان لەسەر ئەو هێرش و توندوتیژییانە کرد، کە لە لایەن داعشەوە کرایە سەر ژنانی ئێزدی و بابەتەکەیان بە دیکۆمێنتارییەک دەوڵەمەندتر کرد. دواتر دکتۆر ئیسماعیل کامل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، کە ژنانی ئێزدی بە سێ هۆکاری سەرەکیی ڕووبەڕووی توندوتیژیی بوونەتەوە: یەکەم کورد بوون، دووەم چو ئێزدیی بوون و سێیەم ژن بوون.
هەروەها سەمەد گولی، نوێنەری مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتارێکی بە زمانی هۆڵەندیی دەربارەی ئەو زەبروزەنگانەی ڕووبەڕووی ژنانی کورد بوونەتەوە پێشکەش کرد.
بەشێکی دیکەی سیمینارەکە بۆ لایەنی ئەکادیمی و هونەریی تەرخان کرابوو. خاتوو دکتۆر ساکار سابیر ئیبراهیم، پسپۆڕ لە بواری سۆسیۆلۆژیا، باسێکی زانستی لەسەر دیاردەی خۆسووتاندنی ژنان و هۆکارەکانی لە باشووری کوردستان پێشکەش کرد. خاتوو ڕێزان ساڵح، توێژەری بواری کەلتوور و دیالۆگی نێونەتەوەیی، بابەتێکی بە زمانی ئینگلیزی خستە ڕوو. لە لایەکی دیکەوە، مۆسیقاژەنی ناوداری کورد، ئالان عارف، پارچە مۆسیقایەکی پێشکەش بە ڕووحی ژینا ئەمینیی کرد. میوانە بەلجیکییەکان بە گرنگییەکی زۆرەوە گوێیان لە بابەتەکان گرت و ئامارەکانی تایبەت بە خۆکوشتن و ئەشکەنجەی ژنان لەژێر کاریگەریی کولتوور و ئاییندا کاریگەرییەکی زۆری لەسەریان هەبوو. ئەوان هیوایان خواست کە چالاکی لەم شێوەیە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی بەلجیکیی زیاتر ئاشنای کولتوور و کێشەکانی کورد بێت.
لە کۆتاییدا، سیمینارەکە بە خوێندنەوەی شیعر و پەخشان و پێشکەشکردنی چەند بەرهەمێکی مۆسیقا لە لایەن هونەرمەندان حەکیمۆی باکووری کوردستان و ئەکرەم حەمۆی ڕۆژاوای کوردستانەوە کۆتایی پێهات.
