KDC

نوێنەری کۆنفیدراسیۆن لەگەڵ باڵیۆزی ڤەنزوێلا کۆبووەوە

 

نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و باڵیۆزی پێشووی ڤەنزوێلا لە ئەمریکا کۆبوونەوە و تاوتوێی مەترسییەکانی پەیوەندیی تاران و کاراکاس کرا.

ڕەحیم ڕەشیدیی بەرپرسی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کە بە مستەر کورد ناسراوە، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ کارلۆس ڤێکیۆ باڵیۆزی پێشووی ڤەنزوێلا لە ئەمریکا کۆبووەوە و دۆخی گشتیی کوردستان و پرسی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و مەترسییەکانی پەیوەندیی نێوان ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

لە دیدارەکەدا، نوێنەری کۆنفیدراسیۆن ،ڕاپۆرتێکی ورد و هەمەلایەنەی دەربارەی دۆخی سیاسیی ناوچەکە و پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی ڤەنزوێلا پێشکەش کرد.

ڕەشیدی، بە وردی تیشکی خستە سەر مێژووی پەیوەندییەکانی تاران و کاراکاس و وەبیری هێنایەوه، کە چۆن لە سەردەمی هۆگۆ چافێز و ئێستاش لەژێر دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆدا، ڤەنزوێلا کە وڵاتێکی دەوڵەمەندە، تووشی قەیرانی قووڵی ئابووری و داراییی بووەتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، کە هاوشێوەی خەڵکی ئێران، گەلی ڤەنزوێلاش جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەرکوت و کوشتار، دووچاری برسێتی و نەهامەتیی گەورە بوونەتەوە.

تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە ڕۆڵی تێکدەرانەی سوپای پاسدارانی ئێران لە ئەمریکای لاتین. لەو بەشەدا باس لەوە کرا، کە چۆن دەسەڵاتدارانی کاراکاس هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ ئێرانییەکان کردووە بە مەبەستی سپیکردنەوەی پارە، پەرەپێدان بە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان و ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی.

جەخت لەوە کرایەوە، کە ئەو هەوڵانە وایان کردووە جیهان بەگشتی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەتایبەتی، گوشارەکان بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا چڕتر بکەنەوە.

لای خۆیەوە، کارلۆس ڤێکیۆ خۆشحاڵی خۆی بەو دیدارە دەربڕی و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خەڵکی کوردستان دووپات کردەوە. باڵیۆزی پێشووی ڤەنزوێلا هیوای خواست، کە ڕەوتی گۆڕانکارییەکان لە وڵاتەکەی بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری بێت.

شایانی باسە، کارلۆس ڤێکیۆ، کە پارێزەر و سیاسەتمەدارێکی ناسراوە، لە کاتی قەیرانی سەرۆکایەتیی ڤەنزوێلا لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠١٩دا، پشتیوانی لە خوان گوایدۆ کرد و بەرەی خەڵکی دژی دیکتاتۆرییی هەڵبژارد. ناوبراو لە ٩ی نیسانی هەمان ساڵدا لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاوە وەک باڵیۆزی شەرعیی ڤەنزوێلا قبووڵ کرد. لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا بڕیاریاندا درێژە بە دیدار و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بدەن بە مەبەستی هەماهەنگیی زیاتر لە داهاتوودا.

___

حکومەتی نوێی ئەڵمانیا گۆڕانکاری لەیاسای پەنابەران دەکات

KDC

کۆنفیدراسیۆن بە بۆنەی ڕۆژی ئاڵا پەیامێک ئاڕاستەی کوردانی تاراوگە دەکەن

nusar1

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک سەردانی باڵوێزخانەی ئێراقیان کرد

nusar1