KDC

دێرین مەحموود: نۆردیسک سیستەم شۆڕشێکی پەروەردەییە و دەبێت منداڵانی کورد لە قوتابخانەکاندا بکرێنە بیرمەند نەک تەنها خوێنەر

 

لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێب سایتی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، دێرین مەحموود،ڕاهێنەری نێودەوڵەتی لە نەرویج و کوردستان، تیشک دەخاتە سەر نوێترین مۆدێلی پەروەردەیی جیهانی بە ناوی نۆردیسک سیستەم.
ناوبراو هۆشداری دەدات کە لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە خێراکاندا، مانەوە لەسەر شێوازی کۆنی لەبەرکردنی زانیاری زیان بە داهاتووی نەوەکان دەگەیەنێت، بۆیە داوا دەکات بەزووترین کات سوود لە ئەزموونی وڵاتانی باکووری ئەوروپا وەربگیرێت بۆ بنیاتنانی مێشکی منداڵان.
دێرین مەحموود بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سیستەمە لە ئێستادا گرنگییەکی تایبەتی هەیە لە ئەوروپا و پێویستە ئێمەش ئاشنایەتی تەواومان لەگەڵیدا هەبێت.
ئەو ڕوونی کردەوە کە لە دنیای ئەمڕۆدا پەروەردە تەنها بریتی نییە لە پاراستنی زانیاری و بەدەستهێنانی نمرەی بەرز، بەڵکو وڵاتانی پێشکەوتوو ئێستا هەموو سەرنجیان خستووەتە سەر بنیاتنانی مێشک و دروستکردنی توانای بیرکردنەوەی منداڵ لە تەمەنێکی زووەوە.
لەبارەی جەوهەری نۆردیسک سیستەمەوە، دێرین مەحموود ئەوەی خستە ڕوو، لە وڵاتانی باکووری ئەوروپا جەخت لەوە دەکرێتەوە منداڵ تەنها خوێنەرێکی چالاک نەبێت، بەڵکو بکرێتە بیرمەندێکی بچووک، وەک ئەو باسی کرد، لە زۆر قوتابخانەی ئەو وڵاتانەدا چالاکییە مێشکییەکان بەشێکی دانەبڕاون لە پڕۆگرامی ڕۆژانە، چونکە باوەڕیان وایە بنیاتنانی مێشک گرنگترە لە کۆکردنەوەی زانیاری.


بە وتەی دێرین مەحموود، ئەم ڕێبازە نوێیە لەسەر چوار بنەمای سەرەکی دامەزراوە، کە بریتین لە فێربوون لە ڕێگەی یاری، گەشەپێدانی بیرکردنەوەی لۆژیکی، بەرزکردنەوەی ئاستی تەرکیز و سەرنج، لەگەڵ ڕاهێنانی مێشک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، دێرین مەحموود ڕەخنەی لە پێوەرەکانی زیرەکی لە کۆمەڵگای خۆماندا گرت و گوتی: زۆرجار زیرەکی تەنها بە نمرە و دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان پێوانە دەکرێت، بەڵام بە بڕوای ئەو و بەپێی سیستەمی ئەوروپی، زیرەکی واتە خێرایی تێگەیشتن، توانای دۆزینەوەی ڕێگای نوێ، لێکدانەوەی زانیارییەکان و هەبوونی متمانەبەخۆبوون لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکاندا، ئەو پێی وایە ئەگەر منداڵ لە سەرەتای تەمەنییەوە فێری ئەم توانایانە بکرێت، لە داهاتوودا لە هەر بوارێکدا بێت، جا ماتماتیک بێت یان تەکنەلۆجیا، سەرکەوتوو دەبێت.
دێرین مەحموود پەیامێکی ئاراستەی ناوەندەکانی خوێندن کرد و پرسیاری ئەوەی وروژاند کە ئایا پەروەردەی ئێمە مێشکی منداڵ دروست دەکات یان تەنها زانیاری تێ دەکات، لەو سۆنگەیەوە پێشنیازی کرد کە پێویستە چالاکییە فێرکارییەکان زیاتر بکرێن، کاتی تایبەت بۆ یارییە زیرەکییەکان تەرخان بکرێت و مامۆستایان لەسەر ئەم ڕێبازە نوێیانە ڕابهێنرێن.


سەبارەت بە ڕۆڵی خێزان، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، پەروەردە تەنها لە قوتابخانە ڕوونادات، بەڵکو دایک و باوک لە ماڵەوە دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر ببینن، ئەو ڕوونی کردەوە کە دایک و باوک دەتوانن لە ڕێگەی یارییە سادەکان و گفتوگۆی ڕۆژانەوە مێشکی منداڵ چالاک بکەن و هانی بدەن کە خۆی کێشەکانی چارەسەر بکات.
لە لێدوانەکەیدا بۆ وێب سایتی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، دێرین مەحموود دووپاتی کردەوە، جیهان بە ئاراستەی مێشک و داهێنان هەنگاو دەنێت و وڵاتانی ئەوروپا زوو لەم ڕاستییە تێگەیشتوون، ئەو گوتیشی ئەگەر دەمانەوێت داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانمان دروست بکەین، پێویستە ئاشنای ڕێبازە نوێکان بین وەک نۆردیسک سیستەم و جێبەجێیان بکەین، چونکە بنیاتنانی مێشک، خودی بنیاتنانی داهاتووە.
وڵاتانی باکووری ئەوروپا وەک فینلاند، دانیمارک و نەرویج، ساڵانێکە لە ڕیزبەندی یەکەمی جیهاندان بۆ باشترین سیستەمی پەروەردەیی، نهێنیی سەرکەوتنی ئەم وڵاتانە لەوەدایە کە چەمکی فێربوونیان لە پڕکردنەوەی مێشک بە زانیاری گۆڕیوە بۆ راهێنانی مێشک بۆ بیرکردنەوە، نۆردیسک سیستەم ئەو ڕێبازەیە کە جەخت لەسەر گەشەپێدانی توانا هزرییەکان دەکات لە ڕێگەی یاری و چالاکییە لۆژیکییەکانەوە، نەک تەنها دانیشتن و گوێگرتن لە پۆلەکاندا.

___

چین :مانۆری سەربازی لە نزیک دورگەی تایوان ئەنجام دەدات

nusar1

کۆچبەرانی کورد رێی دیکە بەرەو ئەورووپا دەگرنە بەر

KDC

گرانترین شوتی تەنیا لەیابان دەڕوێنرێت

nusar1