KDC

فەرەنسا پشتیوانییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، پاریس پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر هەڕەشەکان دووپات کردەوە و هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و دوورخستنەوەی مەترسییەکانی شەڕ ڕێککەوتن.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، ڕێکەوتی 3/3/2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی تایبەتی لە ژۆن نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە پێگەیشت، کە تێیدا تاوتوێی دۆخی هەستیاری ناوچەکە و پەرەسەندنە ئەمنییەکان کرا.
لەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پەیامی ڕوونی وڵاتەکەی گەیاند کە بریتی بوو لە دەربڕینی هاوسۆزی و پشتیوانیی تەواوی کۆشکی ئیلیزێ بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەو هێرش و پەلامارانەی لەم ماوەیەدا کراونەتە سەر هەرێم. لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی ستایشی ئەو هەڵوێستە نەگۆڕەی فەرەنسای کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕۆڵی پاریس و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان یەکلاکەرەوەیە.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە خوێندنەوەی هاوبەش بۆ ئاسۆی چارەسەرکردنی کێشەکان، هەردوولا هاوڕا بوون کە دەبێت ئاستی هەماهەنگیی نێوانیان زیاتر بکرێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لەوەی ناوچەکە بەرەو دۆخێکی نادیار و پڕ مەترسی بڕوات.

ئەم پەیوەندییە لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی هەستیار و پڕ لە گرژیی ئەمنیدا تێدەپەڕێت و هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە هاوکێشەکان ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئەمنی بووەتەوە، پەیوەندیی نێوان هەولێر و پاریس ڕەگێکی مێژوویی و ستراتیژیی هەیە و فەرەنسا هەمیشە وەک دۆستێکی نزیکی کورد لە قۆناغە سەختەکاندا دەرکەوتووە، چ لە دەرکردنی بڕیاری 688 لە ساڵی 1991 و چ لە شەڕی دژی تیرۆردا.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا،ئاماژەیەکی دیپلۆماسیی بەهێزە کە فەرەنسا وەک هێزێکی گەورەی ئەورووپی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش، هەرێمی کوردستان بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەزانێت و ئامادەیە لە کاتە سەختەکاندا پشتیوانیی سیاسی و مەعنەوی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دووپات بکاتەوە.

___

ئەڵمانیا: نەقیب خاتێ سەردانی ماڵی ئێزدییانی کرد

nusar1

ئۆکرانیا دوو سەربازی ڕووسیایی دەگرێت 

KDC

لوبنان : دەستبەسەر 28 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆم دەگرێت

KDC