ئێوارەی 20/03/2026 لە شاری Leuven، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی بە هاوکاری کۆمەڵەی هێڤی، ئاهەنگێکی تایبەتی نەورۆزی بەڕێوەبرد و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دانیشتووی بەلجیکا و میوانان ئامادەبوون.
سەرەتای ئاهەنگەکە لەلایەن ئەکرەم حەمۆ و عبدالرزاق ماجید بەخێرهاتنی گەرمی میوانان دەستیپێکرد، هەروەها ناسک نەسیری و خ سیلاڤ حسین وەک پێشکەشکار و بەڕێوەبەری ئاهەنگەکە ئامادەبوون.
بەرنامەکە بە سرودی نەتەوەیی «ئەی ڕەقیب» و وەستانێکی ڕێزلێنان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد.
لە بەشی وتارەکاندا، ڕێبەر دەرکاری، دارا ناطق، و حەبیب ئیبراهیمی هەریەک وتاریان پێشکەش کرد و جەختیان لەسەر یەکگرتوویی و یەکڕیزیی کوردان لە هەموو پارچەکانی کوردستان کرد، هەروەها پیرۆزبایی نەورۆزیان ئاراستەی ئامادەبووان کرد.
لە درێژەی ئاهەنگەکەدا، مەشخەڵی ئاگری نەورۆز هەڵگیرسا و لەلایەن گروپی چیایی کورمانج سرودی نەورۆز پێشکەش کرا.
هەروەها دوو کەسایەتی دیاریی بەلجیکی، بە زێغەر دەبیسەر ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری N-VA و کارڵ دیڤلیس سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانی Leuven، ئامادەبوون و پیرۆزبایی گەرمیان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ و نەورۆزی کوردەواری ئاراستەی ئامادەبووان کرد.
بەشی هونەریی ئاهەنگەکە لەلایەن هونەرمەندان یوسف ڕەشۆ، ئازاد مستەفاپور، ئالان عارف، خەبات تەیفور، ئەمجەد گولی و فیرات شیرۆ، لەگەڵ گروپی کۆما چیایی کرمانج، بە گۆڤەند و هەڵپەڕکێی جوان ڕازایەوە .
بەشی میکس و ڤیدیۆکردنیش لەلایەن بعمر حەمۆ ئامادەکرابوو. ئاهەنگەکە لە کاتژمێر 6ی ئێوارە تا 10ی شەو بەڕێوە چوو و بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات
