KDC

بۆ یەکەمجار لە مێژووی هۆڵەندا.. ژنێکی داعش بە تاوانی کۆیلەکردنی ژنێکی ئێزیدی سزای 9 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

لە بڕیارێکی مێژووییدا، دادگای تێهەڵچوونەوەی هۆڵەندا سزای 9 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ژنێکی هۆڵەندیدا سەپاند، بە تاوانی ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی رێکخراوی داعش لە سووریا، ژنێکی ئێزیدیی خەڵکی شنگالی بەکۆیلە کردووە، ئەم کەیسە بە یەکەمین دادگاییکردن لە هۆڵەندا دادەنرێت کە تێیدا تاوانەکانی دژ بە ئێزیدییەکان وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسێندرێت.

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە شاری لاهای، رۆژی چوارشەممە 25ی ئاداری 2026، بڕیاری کۆتایی لەسەر کەیسی تاوانبارێکی تەمەن 34 ساڵان بە ناوی حەسنا دا، دادگاکە سزای سەرەتایی تاوانبارەکەی کە لە ساڵی 2024 بە 10 ساڵ زیندانیکردن دەرکردبوو، بۆ 9 ساڵ کەمکردەوە، هاوکات بڕیاریدا کە دەبێت بڕی 15 هەزار یۆرۆ وەک قەرەبووی دارایی بداتە قوربانییە ئێزیدییەکە.
دادگاکە ئەو ژنە هۆڵەندییە بە رەچەڵەک مەغریبییەی بە چەندین تاوانی قورس تۆمەتبار کرد، لەوانە بەکۆیلەکردنی ژنێکی ئێزیدی، ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هاندانی خەڵک بۆ کاری تیرۆریستی، لەگەڵ مەترسیی خستنە سەر ژیانی منداڵە تەمەن 4 ساڵانەکەی خۆی.
بەپێی گوتەی دادوەران، لە میانی پرۆسەی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا، ئەو ژنە تاوانبارە بە هاوبەشی لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی داعش، ئازادییە کەسییەکانی قوربانییە ئێزیدییەکەیان بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە پێشێل کردووە و تەنیا بۆ بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیان وەک کۆیلە لە ماڵەوە دەستبەسەریان کردووە و مامەڵەیان پێوە کردووە.
ئەم بڕیارەی دادگا دوای ئەوە هات کە هەردوو لایەنی داواکاری گشتی و پارێزەرانی تاوانبارەکە تانەیان لە بڕیارەکانی پێشووی دادگا دا، داواکاری گشتی سوور بوو لەسەر سەپاندنی سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بۆ تاوانبارەکە لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکە، لە بەرامبەریشدا ژنە تۆمەتبارەکە رەتی دەکردەوە کە بە ویستی خۆی چووبێتە سووریا و دایکی بە هۆکار و ناچارکردنی بۆ ئەو گەشتە تۆمەتبار دەکرد.

لە رووی مێژووییەوە ئەم کەیسە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە ئەمە یەکەمین پرۆسەی دادگاییکردنە لەسەر ئاستی هۆڵەندا کە تایبەت بێت بە تاوانەکانی رێکخراوی داعش دژ بە کوردانی ئێزیدی، پرۆسەی گوێگرتن لە قوربانییەکان و شایەتحاڵەکان لە نێوان 9 بۆ 12ی شوباتی 2026 لە هۆڵێکی توندی ئەمنیی فڕۆکەخانەی سخیپۆڵ بەڕێوەچوو، کە تێیدا چەندین رێکخراوی نێودەوڵەتیی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافەکانی ئێزیدییەکان و قوربانییانی جینۆساید بە فەرمی ئامادەی دانیشتنەکان بوون، لە کۆتاییشدا بڕیارەکە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بە تاوانبارەکە راگەیەندرا.
بەپێی بەڵگەنامەکانی دادگا، حەسنا لە ساڵی 2015 بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانی داعش، گەشتی بۆ سووریا کردووە و لەوێ هاوسەرگیری لەگەڵ یەکێک لە چەکدارەکانی رێکخراوەکە کردووە و سێ منداڵی لێی بووە، دواتر چووەتە ماڵی چەکدارێکی دیکەی داعش کە ئەو ژنە ئێزیدییەی وەک کۆیلە لای خۆی هێشتبووەوە، لەو ماوەیەدا لە شاری رەققەی سووریا، تاوانبارە هۆڵەندییەکە بە زۆر کار و خزمەتکاریی ماڵەکەی بە قوربانییە ئێزیدییەکە کردووە.
جێی باسە، ئەم ژنە یەکێک بوو لەو 12 ژنە هۆڵەندییەی کە حکوومەتی وڵاتەکەیان لە ساڵی 2022 لە کەمپەکانی سووریاوە گەڕاندنییەوە بۆ هۆڵەندا و دەستبەجێ لە فڕۆکەخانە بە تۆمەتی پەیوەندیکردن بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە دەستگیر کران. تاکو ئێستاش دەقی فەرمیی بڕیارەکە لەسەر ماڵپەڕی دادگا بڵاونەکراوەتەوە و بەهۆی رێکارە ئەمنییەکان و بوونی بەربەستی شووشەیی لە هۆڵی دادگادا، وێنەگرتنی روونی تاوانبارەکەش ئەستەم بووە.

___

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک گەنجی کوردستانیانی دیاسپۆرا کرد

nusar1

سیمینارێک بۆ شفا بارزانی رێکدەخرێت

nusar1

شفا بارزانی لەگەڵ رەوەندی کوردستانی و چەند پەرلەمانتارێکی کەنەدا کۆبوویەوە

nusar1