بە ئامانجی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و دروستکردنی ئاسانکاری بۆ ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتی ئەڵمانیا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین و باڵیۆزخانەی عێراق هەماهەنگییەکانیان پەرەپێدەدەن و کار بۆ خێراکردنی ڕێکارە کارگێڕییەکانی هاووڵاتییان دەکەن.
لە چوارچێوەی باشترکردنی پەیوەندییەکان و بەدواداچوون بۆ کاروباری ڕەوەندی کوردستانی، تەلار گوڵانی بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بەرلین، سەردانی باڵیۆزخانەی کۆماری عێراقی فیدراڵی کرد و لە لایەن عەلی گەڵاڵی باڵیۆزی عێراق و هەردوو کونسوڵ ئوسامە و ڤیان خان بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
ئەم دیدارە وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمێکی نوێی کارکردن بوو، تێیدا جەخت لە هاوکاریکردنی زیاتری کوردانی نیشتەجێی ئەڵمانیا کرایەوە، ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوردستانی بتوانن بە شێوەیەکی خێرا و بێ گرفت، کاروبارە یاسایی و کارگێڕییەکانیان لەناو باڵیۆزخانەی بەرلیندا ڕایی بکەن.
لە دیدارەکەدا، تەلار گوڵانی دەستخۆشی لە باڵیۆز و ستافی باڵیۆزخانەکە کرد بۆ ئەو هەوڵ و هاوکارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتییانی کوردی دەکەن، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییە لە پێناو خزمەتکردنی باشتری ڕەوەندی کوردستانی لە داهاتوودا.
