KDC

ئامەدسپۆر مێژوو دەنووسێتەوە و دەگاتە لوتکەی خولی نایابی تورکیا

یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، دوای وەرزێکی پڕ لە ململانێ و بەدەستهێنانی زنجیرەیەک ئەنجامی درەوشاوە، توانی بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا پلیتی سەرکەوتن بۆ خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ) ببڕێت، ئەم دەستکەوتە گەورەیە دوای یەکسانبوونی یانەکە لە دوایین گەڕی خولی پلە یەکی تورکیادا هات، کە بووە هۆی جۆش و خرۆشێکی بێوێنە لە ئامەد و سەرجەم شارەکانی دیکەی کوردستان.

لە یارییەکی چارەنووسسازدا و لە چوارچێوەی گەڕی 38 و کۆتایی خولی پلە یەکی تورکیادا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ڕووبەڕووی یانەی ئیدرسپۆر بووەوە، یارییەکە کێبڕکێیەکی بەهێزی بەخۆوە بینی و بە ئەنجامی 3 گۆڵ بۆ هەرلایەک کۆتاییهات، ئەم یەکسانبوونە، هاوکات لەگەڵ شکستی ڕکابەرە ڕاستەوخۆکەی کە یانەی ئەسەنلەر ئەڕۆک سپۆر بوو بەرامبەر پەندیک سپۆر، ڕێگەی بۆ ئامەدسپۆر خۆشکرد وەک خاوەن پلەی دووەمی ڕیزبەندی، ڕاستەوخۆ سەربکەوێت بۆ خولی نایاب.

ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا ئاستێکی جێگیری پێشکەش کرد، یەکێک لە وێستگە گرنگەکانی ئەم سەرکەوتنە، یاریی گەڕی 30 بوو بەرامبەر ئارناڤوتسپۆر، کە تێیدا یانە کوردییەکە بە ئەنجامێکی گەورەی 5 گۆڵ بەرامبەر بە 1 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا، لەو یارییەدا ئوگور ئادەم لە خولەکی 9 بە لێدانی سزا دەسپێکی گۆڵەکانی کرد، پاشان مەرت چاپەر لە خولەکەکانی 31 و 89 دوو گۆڵی دیکەی تۆمارکرد، هەروەها بەرک ئیسماعیل لە خولەکی 46 و چەکدا ئۆرهان لە خولەکی 67 تۆڕی گۆڵی بەرامبەریان هەژاند، لە بەرامبەردا تەنیا یەک گۆڵ لە خولەکی 40 لەلایەن تەلحە دینچەرەوە بۆ ئارناڤوتسپۆر تۆمارکرا.

ئامارەکانی ئامەدسپۆر لەم وەرزەدا گوزارشت لە هێزی یانەکە دەکەن، لە کۆی 38 یاری، توانییان 21 سەرکەوتن و 11 یەکسانبوون بەدەستبهێنن و تەنیا لە 6 یاریدا تووشی شکست بوون، یانەکە بە کۆکردنەوەی 74 خاڵ و تۆمارکردنی 81 گۆڵ، بووە خاوەنی دووەم بەهێزترین هێڵی هێرشبەر لە خولەکەدا، هەروەها ئێمبای دیانێ، هێرشبەری سەنیگالی یانەکە، بە تۆمارکردنی 29 گۆڵ وەک گۆڵکاری خولەکە دەستنیشانکرا و ڕیکۆردێکی مێژوویی لە تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکدا یەکسان کردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەم سەرکەوتنە گەورەیە پیرۆزباییەکی زۆری لەسەر ئاستی سیاسی لێکەوتەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزباییەکی گەرمی ئاراستەی یانەی ئامەدسپۆر و هاندەرانی کرد و وێڕای دەستخۆشی بۆ ئەم دەستکەوتە، هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە قۆناغی داهاتوودا.ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یانەکە و خەڵکی دیاربەکر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە وەرزی داهاتووی خولی نایابدا.

هەروەها یانەکانی دهۆک و زاخۆ لە هەرێمی کوردستان، بە جیا پیرۆزبایی گەرمی خۆیان ئاراستەی ئامەدسپۆر کرد و ئەم دەستکەوتەیان بە شانازییەکی گەورە بۆ هەموو کوردان وەسف کرد، جەختیان لەوەش کردەوە کە هەمیشە پاڵپشتی ئەم یانەیە دەبن.

یانەی ئامەدسپۆر کە بنکەکەی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستانە، لەم وەرزەدا بە بارودۆخێکی گۆڕاودا تێپەڕی و چوار ڕاهێنەری جیاواز سەرپەرشتییان کرد، دوایین گۆڕانکاریش دەستبەکاربوونی سەرتاچ کۆچۆکبایراک بوو کە تەنیا 4 ڕۆژ پێش یاریی کۆتایی پۆستەکەی وەرگرت و بەڵێنی پاڵەوانبوونی بە هاندەران دا، یانەکە ساڵانێکی زۆرە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبێتەوە، بەڵام گەیشتنیان بە سوپەرلیگی تورکیا وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی لە کاروانی وەرزشیی ئەم یانەیە دادەنرێت کە ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی یانە گەورەکانی وەک گەڵاتەسەرای و فێنەرباخچە.

___

بانگەوازێک بۆ ڕای گشتی کوردستانیانی دیاسپۆرا

Harmn

ناوەندی بێرمینگهام کورتە فیلمێکی نمایش کرد

Harmn

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پیرۆزبایی ئاڕاستەی بورهان ئەحمەدی دەکات

KDC