بە بەشداریی زیاتر لە 500 کەس و بە مەبەستی زیندووڕاگرتنی کولتووری کوردەواری، ڕێکخراوی ڕێحانە و ڕێکخراوی لاوانی کورد لە دیاسپۆرا بە پاڵپشتیی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی گەشتێکی بەهارەی ناوازەی بۆ کوردانی نیشتەجێی هۆڵەندا ساز کرد.
ڕۆژی 2ـی ئایاری 2026، لە شاری رۆتەردامی وڵاتی هۆڵەندا، چالاکییەکی کولتووری و کۆمەڵایەتیی بەرفراوان بۆ ڕەوەندی کوردی ڕێک خرا.
ئەم گەشتە کە بۆ یەکەم جار بوو بەم قەبارەیە ئەنجام بدرێت، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن بەشداربووانەوە لێکرا.
لە میانی گەشتەکەدا چەندین بڕگە و چالاکیی هەمەجۆر پێشکەش کران، لەوانە یاری و کات بەسەربردن بۆ منداڵان، ژنان و پیاوان. هەروەها نمایشی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش بەشێکی دیکەی چالاکییەکە بوو کە ڕەنگدانەوەی جوانیی نەریتی نەتەوەیی بوو، هەروەها بووە جێگەی خۆشحاڵیی ئامادەبووان.
لە پاڵ ئەمانەشدا، موزیک و گۆرانیی کوردی کەشێکی تایبەتی بە گەشتەکە بەخشیبوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی کۆمەڵەی هونەریی ئارمانج بە پێشکەشکردنی چەندین بەرهەمی هونەری و گۆرانیی ڕەسەن بەشدارییان کرد، لە کۆتاییی گەشتەکەشدا، وەک هاندان و دڵخۆشکردنێک، خەڵات بەسەر 50 منداڵی کورددا دابەش کرا.
سازکردنی ئەم جۆرە چالاکییە کولتووری و کۆمەڵایەتییانە لە وڵاتانی ئەورووپا، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ یەکگرتوویی و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان تاکەکانی ڕەوەندی کوردی، لە هەمان کاتدا، دەرفەتێکی گرنگە بۆ ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە زمان، کولتوور و دابونەریتی نەتەوەیی، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیش بەردەوام هەوڵ دەدات ناسنامەی نەتەوەیی لە دەرەوەی وڵات بپارێزێت و پردی پەیوەندیی کوردانی تاراوگە بە نیشتمانەوە پتەوتر بکات.
