لەسەر بانگهێشتی فەرمیی شارەوانیی لێۆڤن لە بەلجیکا، ناوەندی ڕەوەندی کوردستان بە مەبەستی ناساندنی ناسنامە و کولتووری نەتەوەیی، بەشدارییەکی کارای لە ڤێستیڤاڵی کولتووریی جیهانیدا کرد و سەرنجی میوانان و نوێنەرانی گەلانی جیهانی بۆ لای کەلەپوور و ڕەسەنایەتیی کوردی ڕاکێشا.
ڕۆژی شەممە، 6ی حوزەیرانی 2026، شاندێکی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان-بەلجیکا بە سەرپەرشتیی خاتوو ناسک نەسیری، بەرپرسی ناوەند و بە ئامادەبوونی خاتوو سەیران زاویەتی، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتیی ئافرەتان، بەشدارییان لە ڤێستیڤاڵە جیهانییەکەی شاری لێۆڤن کرد.
لەم چالاکییە نێودەوڵەتییەدا کە لە کاتژمێر 8ی بەیانییەوە تاوەکو 6ی ئێوارەی خایاند، ئاڵای کوردستان بە شکووهەوە شەکایەوە، شاندی کورد لە ڕێگەی نمایشکردنی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی، بەرهەمە دەستکردەکان و خشڵی کوردەوارییەوە، تابلۆیەکی جوانیان لە ڕەسەنایەتیی نەتەوەیی پێشکەش کرد و ئامادەییەکی شایستەیان لە ڤێستیڤاڵەکەدا نیشان دا.
ئەم ڤێستیڤاڵە ژینگەیەکی لەباری بۆ بەیەکگەیشتنی کولتوورە جیاوازەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ڕەخساند، ئامادەبوونی ناوەندی ڕەوەندی کوردستان پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن ئامادەبووان و نوێنەرانی وڵاتانی دیکەوە لێ کرا، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ زیاتر ئاشناکردنی بیانییەکان بە مێژوو و کەلەپووری گەلی کورد.
ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا، بەردەوام کار دەکات بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی کورد بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بەشداریکردن لەم جۆرە ڤێستیڤاڵە کولتوورییە جیهانییانەدا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە جیاوازەکان و پیشاندانی دیوە شارستانی و دەوڵەمەندەکەی کولتووری کوردستان لە تاراوگە.
