KDC

51 کۆچبەر لە کەناراوەکانی لیبیا بوونە قوربانی

لە نوێترین کارەساتی پەیوەست بە قەیرانی کۆچبەران، بەلەمێک کە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری هەڵگرتبوو و بە ئاراستەی کیشوەری ئەورووپا رێگەی دەریای گرتبووەبەر، لە کەناراوەکانی لیبیا ژێرئاو کەوت، بەهۆی ئەم رووداوەوە 51 کەس بوونە قوربانی کە بەشێکیان خنکاون و بەشێکی دیکەشیان بێسەروشوێنن، لەنێو هەموو سەرنشینەکانیشدا تەنیا 10 کەس لە مەرگ رزگاریان بووە.

رووداوەکە رۆژی 12 ی حوزەیران لە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاست و لە بەشی رۆژهەڵاتی کەناراوەکانی لیبیا روویداوە، گرووپی عابرین کە لایەنێکی چاودێریکاری رەوشی کۆچبەرانە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، زانیارییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا تەرمی 11 کۆچبەر لە دەریاکە دەرهێندراون و چارەنووسی 40 کۆچبەری دیکەش بە نادیاری ماوەتەوە.

ئەمە یەکەمین رووداوی لەم شێوەیە نییە لەو ناوچەیەدا، رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ لە ئامارەکانیدا ئاشکرای کردووە، تەنیا لە نێوان 1 ی کانوونی دووەم بۆ 16 ی ئایاری ئەم ساڵ، زیاتر لە 800 کۆچبەر لە رێڕەوی نێوەڕاستی دەریای نێوەڕاست گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون، ئەم رێڕەوە کە هەردوو وڵاتی توونس و لیبیا بە کیشوەری ئەورووپاوە دەبەستێتەوە، بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی کۆچ هەژمار دەکرێت و تەنیا لە ساڵی رابردووشدا مەرگی زیاتر لە 1300 کۆچبەری بەخۆیەوە بینیوە کە قاچاخچییەکان لەنێو بەلەمی بچووک و ناتەواودا سەرنشینەکانیان رووبەڕووی مەرگ کردووەتەوە.

لە دوای رووداوەکانی ساڵی 2011 و رووخانی دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی، لیبیا چووەتە نێو قۆناغێکی قووڵی پشێوی و ناسەقامگیریی ئەمنییەوە، ئەم دۆخە وڵاتەکەی کردووەتە گەورەترین وێستگەی تێپەڕبوونی ئەو کۆچبەرانەی کە لە دەست جەنگ و هەژاری لە ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڵدێن، قاچاخچییەکانی مرۆڤ بە باشترین شێوە کۆنترۆڵنەکردنی سنوورەکان دەقۆزنەوە، کە لیبیا لەگەڵ 6 وڵاتی جیاوازدا هاوسنوورە، ئەمەش وایکردووە بە ئاسانی هەزاران کۆچبەر بهێننە نێو وڵاتەکەوە.

هاوکات، چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەش کە رزگار دەکرێن یان دەستگیر دەکرێنەوە، زۆرجار لە خنکان باشتر نییە. لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتەکانیاندا جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو کۆچبەرانەی دەگەڕێندرێنەوە بۆ لیبیا، لەنێو کەمپە فەرمییەکاندا رووبەڕووی دۆخێکی دژوار و مامەڵەی نامرۆڤانە دەبنەوە، ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان دەکرێت، وەک کارپێکردنی زۆرەملێ، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی، گەیشتوونەتە ئاستێک کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە تاوان دژی مرۆڤایەتی پێناسە کراون.

___

کۆڵبەرێک دەکوژرێت و دوانیش بریندار دەکرێن

KDC

سويد- كۆنفراسێك لە بارەی زمانی كوردی لە ستۆكهۆلم

KDC

سەرۆکی کۆنفیدراسیۆن سەردانی لقی شەشی پارتی کرد

Harmn