پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا پاکێجێکی نوێی لە یاساکانی تایبەت بە گەشتی ئاسمانی و مافی سەرنشینان پەسەند کرد، کە کۆمەڵێک ماف و ئیمتیازی بێپێشینە دەداتە گەشتیاران، ئەم گۆڕانکارییانە کە بڕیارە لە هاوینی ساڵی 2027ەوە بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە، کۆتایی بە بەشێکی زۆر لەو کێشە و تێچووە زیادانە دەهێنن کە پێشتر ڕووبەڕووی گەشتیاران دەبوونەوە.
یەکێک لە بڕیارە دیارەکانی ناو ڕێکارە نوێیەکانی یەکێتیی ئەوروپا، زامنکردنی مافی دانیشتنی ئەندامانی یەک خێزانە لە تەنیشت یەکتر لە نێو فڕۆکەدا، بەبێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەکی زیادەیان لێ وەربگیرێت، لەمەودوا ئەو ئەرکە دەکەوێتە سەر شانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کە ئەندامانی خێزان و منداڵەکان پێکەوە دابنێن. هاوکات، بردنەژوورەوەی جانتای دەستی بۆ نێو کابینەی فڕۆکە لە سەرجەم گەشتەکانی ناوخۆی یەکێتیی ئەوروپادا دەبێتە مافێکی بێبەرامبەر و کۆمپانیاکان بۆیان نییە پارەی زیادە لەسەر جانتای دەستی ئاسایی وەربگرن.
لە بەشێکی دیکەی یاساکەدا، قەرەبووکردنەوەی گەشتیاران لە کاتی دواکەوتن یان هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکاندا بەشێوەیەکی قازانجت بەخش بۆ سەرنشینان ڕێکخراوەتەوە، ئەگەر گەشتێک بۆ زیاتر لە 3 کاتژمێر دوا بکەوێت، گەشتیارەکە ڕاستەوخۆ مافی وەرگرتنی قەرەبووی دارایی دەبێت، بڕی قەرەبووەکەش بەپێی دووریی مەودای گەشتەکە دیاری کراوە؛ بۆ گەشتی تا مەودای 1500 کیلۆمەتر بڕی 250 یۆرۆ، تا مەودای 3500 کیلۆمەتر بڕی 400 یۆرۆ، و بۆ گەشتەکانی سەروو 3500 کیلۆمەتر بڕی 600 یۆرۆ وەک قەرەبوو دەدرێتە گەشتیار.
لە لایەکی دیکەشەوە، یاساکە ڕێگری لەوە دەکات کۆمپانیاکان لە دواساتەکاندا و بەشێوەیەکی کتوپڕ گەشتەکان هەڵبوەشێننەوە، بەپێی بڕیارە نوێیەکە، دەبێت لانیکەم 96 کاتژمێر (4 ڕۆژ) پێش وادەی گەشتەکە، سەرنشینان لە هەر گۆڕانکاری و هەڵوەشاندنەوەیەک ئاگادار بکرێنەوە، بەپێچەوانەوە مافی قەرەبووکردنەوەیان دەبێت.
گۆڕانکارییەکی دیکەی سەرنجڕاکێش لەم پاکێجەدا تایبەتە بە هونەرمەندان و ژەنیاران، لەگەڵ جێبەجێکردنی ئەم یاسایەدا، مۆسیقاژەنان مافی ئەوەیان پێ دەدرێت کە ئامێرە مۆسیقییەکانیان لەگەڵ خۆیاندا ببەنە نێو کابینەی فڕۆکە، ئەمەش کۆتایی بەو مەترسییە دەهێنێت کە پێشتر لە کاتی بارکردنی ئامێرەکاندا وەک کاڵا (شەحن) ڕووبەڕوویان دەبووەوە و زۆرجار دەبووە هۆی شکان یان زیانپێگەیشتنیان.
لە ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەتی لەگەڵ فراوانبوونی کارکردنی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی هەرزانبەها، گەشتیاران بەردەوام ڕووبەڕووی کێشەی تێچووی شاراوە و زیادە دەبوونەوە بۆ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک بردنی جانتای دەستی یان دانیشتن لە تەنیشت ئەندامانی خێزانەکانیان، هەروەها، هەڵوەشاندنەوەی کتوپڕی گەشتەکان و مانەوەی چەندین کاتژمێر لە فڕۆکەخانەکاندا بەبێ قەرەبوویەکی گونجاو، کێشەیەکی بەردەوامی بەردەم گەشتیاران بووە. یەکێتیی ئەوروپا بەم ڕیفۆرمە نوێیە دەیەوێت سەرجەم ئەو کەلێنانە پڕ بکاتەوە، مافەکانی بەکاربەر لە کەرتی فڕۆکەوانیدا بچەسپێنێت و ستانداردێکی بەرزتر بۆ گەشتی ئاسمانی دابین بکات.
کارزان حەیدەر
