ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026، لە شاری دۆسلدۆرفی وڵاتی ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی کارەکانی کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی، شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی لە بارەگای بارزانی، بڕوانامەی ئەندامبوون و پێزانینی بەخشییە ژمارەیەک لە قوتابخانە کوردییەکانی وڵاتانی دیاسپۆرا.
لە دەقی بڕوانامەکاندا ڕوون کراوەتەوە کە لە ژێر ڕۆشنایی واژۆکردنی پرۆتۆکۆڵی نێوان فیدراسیۆن و قوتابخانەکان، بە شانازییەوە بڕیار دراوە ئەو قوتابخانەیەی بڕوانامەکەی پێ دەدرێت، وەک ئەندامێکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی و وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆدێکی دیاریکراو تۆمار دەکرێت کە هەر قوتابخانەیەک کۆدی تایبەت بەخۆی هەیە.
لە بەشێکی دیکەی بڕوانامەکەدا، پەیامێکی پێزانین ئاراستەی بەڕێوەبەران و مامۆستایانی قوتابخانەکان کراوە و پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەوان جێگەی شانازین بۆ نەتەوەی کورد و زمانی شیرینی کوردی، هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە کە خەبات و ماندووبوونیان بۆ خزمەتکردنی زمان و نەتەوەکەیان بەرز دەنرخێندرێت. بڕوانامەکە لۆگۆ و واژۆی هەریەک لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەسەرە.
بەستنی کۆنگرەی یەکەمی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی و گرنگیدان بە قوتابخانەکانی تاراوگە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و ڕێگریکردن لە توانەوەی نەوەکانی داهاتووی کورد لە دەرەوەی نیشتمان، ڕۆڵی شفا بارزانی وەک سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، هەوڵێکی بەردەوامە بۆ یەکخستن و ڕێکخستنی تواناکانی کوردانی دیاسپۆرا و بەستنەوەیان بە پرسە نەتەوەییەکان و کلتووری زێدی باوباپیرانیانەوە، تاوەکو زمانی دایک ببێتە پردی پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان نیشتمان و تاراوگەدا.

کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7
009647504475408
