KDC

دادگای باڵای ئەمریکا بڕیارەکەی ترەمپی رەتکردەوە، بەڵام دەرگایەکی نوێی بۆ رەتکردنەوەی مافی هاووڵاتیبوون کردەوە

دادگای باڵای ئەمریکا بە دەنگی 6 دادوەر بەرامبەر بە 3 دادوەر، هەوڵێکی گەورەی دۆناڵد ترەمپی بۆ کۆتایهێنان بە پێدانی مافی هاووڵاتیبوون بەو منداڵانەی لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک دەبن، رەتکردەوە، سەرەڕای شکستەکە، ترەمپ و هاوپەیمانەکانی ئەمە بە کۆتایی رێگاکە نازانن و بەنیازن لە رێگەی دەرچەیەکی یاساییەوە لە ناو کۆنگرێس پیلانەکەیان جێبەجێ بکەن.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025 و لە یەکەم رۆژی گەڕانەوەیدا بۆ کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد بۆ کۆتایهێنان بە پێدانی رەگەزنامەی ئەمریکی بەو منداڵانەی لە دایک و باوکێکی کۆچبەر لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایک دەبن، ترەمپ ئەو کاتە هەنگاوەکەی بە بڕیارێکی زۆر گەورە وەسف کرد، کە راستەوخۆ پێچەوانەی هەموارنامەی 14ی دەستووری ئەمریکا بوو کە سەدان ساڵە گەرەنتیی ئەو مافە دەکات.

 

دادوەر جۆن رۆبێرتس، سەرۆکی دادگای باڵا، سەرکردایەتیی بەرەی زۆرینەی کرد و لەگەڵ پێنج دادوەری دیکە بڕیارەکەی ترەمپیان هەڵوەشاندەوە، رۆبێرتس لە روونکردنەوەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، داڕێژەرانی هەموارنامەی 14 بەڵێنیان داوە هەر کەسێک لەو وڵاتەدا لەدایک بێت مافی هاووڵاتیبوونی پێ بدرێت، بۆیە دادگاکە تا ئەمڕۆش پارێزگاری لەو بەڵێنە دەکات.

دادوەر برێت کاڤانۆ گوتی: راستە ئەو دەنگی داوە بۆ رەتکردنەوەی فەرمانەکەی ترەمپ دا، بەڵام هۆکارەکەی تەنها بۆ پێشێلکردنی یاساکانی کۆچبەری گەڕاندەوە، نەک پێشێلکردنی دەستوور، کاڤانۆ پێشنیازی ئەوەی کرد، کۆنگرێس دەتوانێت بەپێی دەستوور و لە رێگەی دەرکردنی یاسایەکی نوێوە، مافی هاووڵاتیبوون لە منداڵی کۆچبەرە نایاساییەکان یان کاتییەکان بسەنێتەوە.

ئەم پێشنیازەی کاڤانۆ بووەتە جێگەی خۆشحاڵیی کۆمارییەکان، ترەمپ دەستبەجێ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە کە راستە دادگا بڕیارەکەی رەتکردووەتەوە، بەڵام ئێستا دەتوانن بە ئاسانی و بە پشتیوانیی سەرۆک لە رێگەی یاساکانی کۆنگرێسەوە قەرەبووی بکەنەوە، بێ ئەوەی پێویستیان بە رێکارە ئاڵۆزەکانی هەموارکردنەوەی دەستوور هەبێت، لە هەمان کاتدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ئەو هەنگاوەی بە دەرفەتێکی زێڕین ناو برد و رایگەیاند، چەمکی پێدانی رەگەزنامە بەهۆی لەدایکبوونەوە ئێستا تەنها بە داوێکەوە هەڵواسراوە.

لە بەرانبەردا، ئەو سێ دادوەرە کۆنەپارێزەی دژی بڕیارەکەی دادگا وەستانەوە، پشتیوانیی تەواوی تێڕوانینەکانی ترەمپیان کرد. دادوەر ساموێل ئەلیتۆ هۆشداری دا لە مەترسییەکانی گەشتیاریی منداڵبوون کە تێیدا ژنان تەنها بۆ لەدایکبوونی منداڵەکانیان دەچنە ئەمریکا، هەروەها دادوەر کلارنس تۆماس رەخنەی توندی لە بڕیارەکە گرت و ئاماژەی بەوە دا کە هەموارنامەی 14 لە بنەڕەتدا تەنها بۆ گەرەنتیکردنی مافی کۆیلە ئازادکراوەکانی دوای شەڕی ناوخۆ دەرکراوە، نەک بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت بۆ پڕۆژەی سیاسیی هاوشێوەی ئەمڕۆ.

سەرەڕای ئەوەی ترەمپ ئەم شەڕە یاساییەی دۆڕاند، بەڵام چاودێران پێیان وایە کە ئەمە کۆتایی مشتومڕەکان نییە و پرسی کۆچبەران لە ئەمریکا پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی ململانێی یاسایی و سیاسییەوە.

 

کارزان حەیدەر

http://Karzanhaedar1@gmail,com

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

009647504475408

 

___

ئێران: سزای بەسەر رۆژنامەنووسێکی کورددا دەسەپێنێت

KDC

پەیاما سەرۆک بارزانی ب هەلکەفتا جەژنا سەرێ ساڵا ئاینێ ئیزیدیا

Harmn

هەولێر: نوێنەری ڕەوەندی کوردستانی بەشداری ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانی شاعیر و نوسەر جەلال بەرزنجی دەکات

Harmn