KDC

بەپێی راپرسییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتان هێشتا باوەشیان بۆ پەنابەران کراوەیە

 

سەرەڕای ئەو هەموو ئاڵۆزی و قەیرانە ئابووری و سیاسییانەی جیهانیان تەنیوە، تازەترین ڕاپرسی نێودەوڵەتی ئاشکرای دەکات کە سۆز و پشتیوانیی خەڵک بۆ پەنابەران هێشتا بەهێزە و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.

ڕاپرسییەکە، کە لەلایەن ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەی ئیپسۆسەوە لە 29 وڵاتی جیاوازدا کراوە، دەریخستووە کە سەدا 66ی بەشداربووان هێشتا پێیان وایە دەبێت دەرگا بەڕووی ئەو کەسانەدا بکرێتەوە کە لەدەست جەنگ و چەوساندنەوە هەڵدێن، کە ئەم ڕێژەیەش تەنها یەک خاڵ کەمیکردووە بەراورد بە ساڵی 2025 و زۆر نزیکە لە ئامارەکانی پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، وڵاتانی سوید، هۆڵەندا و ئیسپانیا لە ڕیزبەندیی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدان کە زۆرترین پشتگیرییان بۆ پەنابەران هەیە.

ئەوەی لەم لێکۆڵینەوەیەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، خەڵک ئێستا کێشەیان لەگەڵ پرەنسیپی داڵدەدانی لێقەوماواندا نییە، بەڵکوو زیاتر گومانیان لە سیستەمی کارپێکراوی وڵاتان، چۆنیەتیی پێدانی مافی پەنابەرێتی و شێوازی پاراستنی سنوورەکان هەیە، بۆ نموونە، سەدا 61ی بەشداربووان پێیان وایە بەشێک لە پەنابەران زیاتر بۆ مەبەستی ئابووری و بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەکان کۆچ دەکەن، نەک بەهۆی مەترسیی ڕاستەقینەی سەر ژیانیانەوە.

هەروەها ڕاپرسییەکە جیاوازییەکی گەورەی نێوان نەوەکانی دەرخستووە، بە جۆرێک کە نەوەی نوێ و گەنجان زۆر زیاتر لە کەسانی بەتەمەن پشتگیریی پەنابەران دەکەن و باوەڕیان بە سەرکەوتنیان لە تێکەڵبوون بە کۆمەڵگە تازەکانیاندا هەیە، بەبێ ئەوەی پشتگیری لە داخستنی سنوورەکان بکەن.

بەهۆی کەمبوونەوەی بودجە و هاوکارییە مرۆییەکانەوە، ڕای گشتی داواکارە کە بارگرانیی پرسی پەنابەران تەنها لەسەر شانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان نەبێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە دەیانەوێت هەموو حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناحکومییەکان پێکەوە و بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئەو بەرپرسیارێتییە هاوبەشە هەڵبگرن و بە هاناوەچوونی خێرای لێقەوماوان بخەنە پێشینەی کارەکانیانەوە.

___

مۆسکۆ :وەڵامی هەر هەوڵێکی ناتۆ بۆدابینکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە ئۆکرانیا دەدەینەوە

Harmn

لە برۆکسل سیمینارێک لەسەر بڕیاری پەرلەمانی فلاندەرز سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان ڕێک دەخرێت

Karzan

یادی قوربانیانی هەڵەبجە و ئەنفال لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەرزڕادەگیرێت

Harmn