لە کاردانەوەی ئەو هێرشانەی کرانە سەر شارەکانی هەولێر و سلێمانی، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە توندترین شێوە سەرکۆنەی پەلامارەکان دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، هاوکات داوای کاردانەوەی خێرا و کردەیی لە حکوومەتی عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکات.
رۆژی 17 ی تەممووزی 2026، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی کرانە سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، کە بەهۆیەوە 9 پێشمەرگە شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون، ئەم پەلامارانە کە بە پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، مەترسییەکی راستەقینەیان بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە دروست کردووە، لە رابردووشدا چەندین جار هێرشی هاوشێوە کراونەتە سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەردەوام کاردانەوە و نیگەرانیی توندی ناوخۆیی و دەرەکییان لێکەوتووەتەوە، بەتایبەت لەپێناو رێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ ململانێ هەرێمییەکان.
دەقی بەیاننامەکە:
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکات کە دەکرێنە سەر کوردستان
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانە دەکەین کە لە 17 ی تەممووزی 2026 کرانە سەر هەولێر و سلێمانی و بوونە هۆی شەهیدبوونی 9 پێشمەرگە و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکە.
ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستانن و هەڕەشەیەکی راستەقینەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە، ناکرێت خاکی هەرێمی کوردستان بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی ململانێکان.
ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزەکانی هاوپەیمانان دەکەین بەپەلە بێنە دەنگ و رێکاری کردەیی بۆ راگرتنی ئەم دەستدرێژییانە بگرنەبەر.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان بۆ بنەماڵەی شەهیدان هەیە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی
17 ی تەممووزی 2026
کارزان حەیدەر

