KDC

فێدراسیۆنی ژنان لە دۆسڵدۆرف کۆبووەوە

فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی لە شاری دۆسڵدۆرفی ئەڵمانیا کۆبووەوە، ئەم کۆبوونەوەیە کە بە بەشداریی سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنانی چالاکوان بەڕێوە چوو، وەک بەردی بناغەی قۆناغێکی نوێ لە کاراکردنی ڕۆڵی ژنانی کورد لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی و مەدەنیی دیاسپۆڕادا دەبیندرێت.

کۆبوونەوەکە بە سەرپەرشتی شیرین زەکی، بەرپرسی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بەڕێوە چوو، لە کۆبوونەوەکەدا د. ئیسماعیل کامل سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، قارەمان عوسمان بەرپرسی نووسینگەی شفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی رەوەندی کوردستانی، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، یاد ئەمین سەرۆکی فێدراسیۆنی لاوان و گەنجان، بە هاوبەشی کۆمیتەی ئەڵمانیای فێدراسیۆن و کۆمەڵێک لە ژنانی دیار و پێشەنگ ئامادە بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا، د. ئیسماعیل کامل باسی لە گرنگیی بەهێزی ئەم فێدراسیۆنە کرد وەک یەکەم ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی تۆمارکراوی ژنانی کورد و پشتگیریی تەواوی کۆنفیدراسیۆنی بۆ ڕاگەیاندن.

هاوکات شیرین زەکی ئامانج و بەرنامەکانی فێدراسیۆنەکەی ڕوون کردەوە، بەشداربووان لە ڕەوشێکی پر لە هاوکاری، گفتوگۆی وردیان لەسەر ڕێکارە کردارییەکان کرد بۆ پتەوکردنی بەشداریی ژنان.

سەبارەت بە ئامانج و بایەخی ئەم کۆبوونەوەیە، هەرمن ئەحمەد، بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی کە بەشداری کۆبوونەوەکە بوو ئاماژەی بەوە کرد، ئەم کۆبوونەوەیە دەستکەوتێکی زۆر باش بوو بۆ یەکخستنی تواناکان و ئاڵوگۆڕی پێشنیازی بەپێز لەنێوان ژنانی دیاری دیاسپۆرا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە تەرخان کرابوو بۆ داڕشتنی نەخشەرێگەیەک تا ژنان بە شێوەیەکی کاراتر لە کایە مەدەنییەکاندا کار بکەن، هەروەها گرنگیی کۆبوونەوەکەش لەوەدا بوو کە هاوئاهەنگییەکی پتەوی لە نێوان ڕێکخراوەکان و ژنانی چالاک لە ئەڵمانیا هێنایە ئاراوە.

فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی وەک دامەزراوەیەکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی ژنانی کورد لە وڵاتانی جیاوازی ئەورووپا و جیهان، ئامانجی سەرەکیی ئەم فێدراسیۆنە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی، پەرەپێدانی بەهرەکانی ژنانی کورد و دروستکردنی لۆبی و کارگەریی ئەرێنییە لە کۆمەڵگە ڕۆژئاواکاندا، ئەنجامدانی ئەم کۆبوونەوەیەش لە ئەڵمانیا، بەشێکە لە زنجیرە چالاکییە بەردەوامەکانی فێدراسیۆنەکە بۆ یەکخستنی وتاری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی لە تاراوگەدا.

___

کەناڵی ئەرشیفی هونەرمەندان و شاعیرانی کورد پیرۆزبایی لە ناوەندی ڕەوەندی کورد لە دەرەوە دەکەن

KDC

ئەندامێکی کۆمیتەی گشتی کۆنفدراسیۆن بەشداری کۆنفرانسی چەتم هاوسی کرد

Harmn

ئەمەریکا: نوێنەری کۆنفیدراسیۆن لەگەڵ چەند ئەندامێکی کۆنگرێسی هەر دوو پارت کۆبووەوە

Harmn