سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، هێرشێکی چاوەڕواننەکراویان کردە سەر بنکەکانی سوپای میللی کوردستان، ئەم هێرشە کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 19ی تەممووزی 2026 ڕوویدا، تەنیا هێرشێکی سەربازی ئاسایی نەبوو، بەڵکو بەپێی بەڵگە مەیدانییەکان و ڕاپۆرتی پزیشکی، تێیدا ماددەی قەدەغەکراوی فۆسفۆری سپی بەکارهاتووە، لەم دیمانە تایبەتەدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستان، لەیلا دیوبەند، بەرپرسی ئۆفیسی ئافرەتان، وردەکارییەکانی ئەم هێرشە و کاریگەرییە مرۆیی و ژینگەییەکانی ئەو چەکە قەدەغەکراوەمان بۆ دەخاتە ڕوو.
ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆن: دەکرێت وردەکاری ئەو هێرشەمان بۆ باس بکەیت کە لە 19ی تەممووزی 2026 کرایە سەر سوپای میللی کوردستان؟
لەیلا دیوبەند: سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 19ی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر یەکێک لە بنکەکانی سوپای میللی کوردستان لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، ئەم هێرشە بووە هۆی برینداربوونی 9 پێشمەرگە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، شێوازی برینداربوونەکەیە، برینەکان هی پارچە یان تەقینەوەی ئاسایی نین، بەڵکو سووتانێکی زۆر قووڵن کە نیشان دەدەن چەکی قەدەغەکراو لەو هێرشەدا بەکارهێنراوە.
ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆن: ئێوە لەسەر چ بنەمایەک دەڵێن کۆماری ئیسلامی لەم هێرشەدا فۆسفۆری سپی بەکارهێناوە؟
لەیلا دیوبەند: چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لە شوێنی ڕووداوەکە کۆکراونەتەوە، یەکەم، گڕی ئاگرەکە زۆر بەهێز بووە و دووکەڵێکی سپی چڕی لێ کەوتووەتەوە کە تایبەتمەندی سەرەکی فۆسفۆری سپییە، دووەم، شارەزایانی سەربازی و پزیشکانی پسپۆڕ کە بریندارەکانیان بینیوە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە سووتانی جەستەی پێشمەرگەکان زۆر قووڵە و گەیشتووەتە سەر ئێسقان، ئەمەش تەنیا بەهۆی ماددە کیمیاییە سووتێنەرەکانەوە ڕوودەدات، هیچ پارچە و شوێنەوارێکی درۆن لە ناو جەستەی بریندارەکاندا نەبووە، بەڵکو هەموویان تەنیا سووتاون.
ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆن: باری تەندروستی ئەو 9 پێشمەرگەیەی بەر هێرشەکە کەوتوون چۆنە و ئەو ماددەیە چ زیانێکی بە جەستەیان گەیاندووە؟
لەیلا دیوبەند: باری تەندروستی زۆربەیان ناجێگیرە، فۆسفۆری سپی تەنیا پێست ناسوتێنێت، بەڵکو بەهۆی کارلێکی کیمیاییەوە دەچێتە ناو خوێن و زیانی کوشندە بە ئەندامە ناوخۆییەکانی جەستە دەگەیەنێت، وەک جگەر، گورچیلە و دڵ، ئەو 9 پێشمەرگەیە تووشی ئازارێکی تاقەتپڕووکێن بوون و ئەگەری هەیە هەندێکیان تووشی کەمئەندامیی هەمیشەیی یان تەنانەت گیانلەدەستدانیش بن ئەگەر چارەسەری خێرایان بۆ نەکرێت، چونکە ئەم برینانە بە ئاسانی چاک نابنەوە.
ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆن: جگە لە زیانە مرۆییەکان، بەکارهێنانی ئەم چەکە چ کاریگەرییەکی لەسەر ژینگەی ناوچەکە دروست کردووە؟
لەیلا دیوبەند: زیانە ژینگەییەکان کارەساتبارن، فۆسفۆری سپی کاتێک بەر زەوی و گیاوگۆڵ دەکەوێت، دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەردەوام کە بە ئاسانی دانەمرکێتەوە، ئەمە خاک و ئاوی ناوچەکە ژەهراوی دەکات و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان و تەنانەت مەڕوماڵاتی گوندنشینانیش دروست دەکات. پاشماوەی ئەم ماددەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لە خاکدا دەمێنێتەوە و دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی ژینگەیی لەو ناوچەیەی هێرشەکەی تێدا ئەنجام دراوە.
ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆن: وەک ئۆفیسی ئافرەتان و بەشێک لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، داواکاریتان چییە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟
لەیلا دیوبەند: ئێمە داوا لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین بە پەلە لێکۆڵینەوە لەم تاوانە بکەن، بەکارهێنانی فۆسفۆری سپی دژی هێزە سەربازییەکان و لە نزیک ناوچە مەدەنییەکان، پێشێلکارییەکی زەقی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانە، پێویستە جیهان بێدەنگ نەبێت لە ئاست ئەم جۆرە هێرشانەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە نە تەنیا مرۆڤ، بەڵکو سروشت و ژینگەی کوردستانیش دەکاتە ئامانج، ئێمە بەردەوام دەبین لە گەیاندنی دەنگی ئەم مەزڵوومییەتە و بەڵگەکان پێشکەشی ناوەندە جیهانییەکان دەکەین.
کارزان حەیدەر

