بە مەبەستی ناساندنی هونەری کوردی، سێ هونەرمەندی شێوەکاری دیاری کوردستان بەشداری لە 27ەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی (ڕەنگەکانی مالۆپۆلسکا) لە وڵاتی پۆڵەندا دەکەن، ئەم چاڵاکییە هونەرییە دەرفەتی زێڕینن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و نیشاندانی توانای هونەری و جوانییەکانی کوردستان لە ناوەندە هونەرییەکانی جیهاندا.
هونەرمەندان ئەحمەد نەبەز، کۆسار جەلال و خەیری ئادەم، وەک نوێنەرانی هونەرمەندانی شێوەکاریی کوردستان، ڕوویان لە شاری مێخۆفی پۆڵەندا کردووە بۆ بەشداریکردن لە چاڵاکییەکی هونەری کە بڕیارە ڕۆژی دووشەممە، 3ی ئابی 2026، دەست پێ بکات و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ بەردەوام بێت.
پێشانگاکە کە 28 هونەرمەندی لێهاتوو لە 6 وڵاتی جیاوازی جیهانەوە کۆدەکاتەوە، وڵاتەکان بریتین لە: کوردستان، پۆڵەندا، کرواتیا، لیتوانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا، ئامانج لە چاڵاکییە هونەرییەکە دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لەنێوان کولتوورە جیاوازەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکە بۆ داهێنانی هاوبەش، کە تێیدا هەر هونەرمەندێک بە دیدگا و شێوازی تایبەتی خۆی، تابلۆی سروشت و مرۆڤایەتی دەنەخشێنن.
ئەحمەد نەبەز یەک لە هونەرمەندانی بەشداربووی چاڵاکییە هونەرییەکەی شاری مێخۆف ڕایگەیاند: شاری مێخۆف و دەوروبەری لەم ماوەیەدا دەبنە ستۆدیۆیەکی کراوە، کە تێیدا هونەرمەندان لە نزیکەوە ئاشنای شوێنە مێژووییەکان دەبن و ئەو ئیلهامانەی وەریدەگرن، دەیکەنە تابلۆیەکی سەرنج ڕاکێش.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بەشدارییە تەنیا نمایشێکی سادە نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەیی و هونەریی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
چاڵاکییە هونەرییەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لە کۆتایی گەشتە هونەرییەکەدا، پێشانگەیەکی هاوبەش بۆ هەموو بەشداربووان دەکرێتەوە، لەوێدا نوێترین بەرهەمەکان، کە لە ماوەی ئەو دوو هەفتەیەدا و لە ژینگەی پۆڵەندادا کێشراون، بۆ خەڵکی ناوچەکە و گەشتیاران و میوانە بیانییەکان نمایش دەکرێن.

