KDC

هەرمن ئەحمەد بە نوێنەرایەتیی کۆنفیدراسیۆن بەشداری لە سیمینارێکی تایبەتی کرد

نوێنەری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بەشداریی سیمیناری یادکردنەوەی جینۆسایدی ئێزدییەکانی کرد، کە لەلایەن هەردوو ناوەندی برۆکسل و بەلجیکا و چەند رێکخراوێک بەڕێوە چوو.

ئەمڕۆ دووشەممە ٣ی٨ی ٢٠٢٦، خاتوو هەرمن ئەحمەد بەرپرسی ئۆفیسی راگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی، بە نوێنەرایەتیی کۆنفیدراسیۆن بەشداریی سیمیناری یادکردنەوەی دوازدەهەمین ساڵ تێپەڕبوونی جینۆسایدی خوشک و برا کوردە ئێزدییەکانی کرد، کە لەلایەن هەردوو ناوەندی رەوەندی کوردستانی- برۆکسل و بەلجیکا و چەند رێکخراوێک لە ئۆفیسی ناوەندی رەوەندی کوردستانی-برۆکسل بەڕێوە چوو.

خاتوو هەرمن ئەحمەد، بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانییەوە وتارێکی پێشکەش کرد، کە تێیدا ئاماژەی بە مێژووی پڕ لە ئازار و نەهامەتییەکانی گەلی کورد کرد، لە بەشێکیدا هاتووە، «ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆن، بڕوای تەواومان بەوە هەیە، کە ڕەوەندی کوردستانیی دەتوانێت ببێتە باڵیۆزخانەیەکی گەورە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی».

لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەک لە کەسایەتییە کورد و بەلجیکییەکان و نوێنەرانی دامەزراوە و رێکخراوەکان بەشدارییان کرد. هەروەها بەشداربووان یاد و بیرەوەریی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزدییەکانیان زیندوو ڕاگرت و پێداگرییان لەسەر گرنگیی دادپەروەری و پاراستنی نەتەوەکان کردەوە.

 

جێی باسە، کارەساتی شنگال لە ٣ی٨ ٢٠١٤دا و لەسەر دەستی ترۆرستانی داعش رووی دا و کۆمەڵکوژییەکی گەورەیان دژی کوردانی ئێزدی کرد، کە مرۆڤایەتیی هێنایە دەنگ.

دەقی وتارەکەی هەرمن ئەحمەد:
بەڕێزان، میوانە هێژاکان، نوێنەرانی ڕەوەندی کوردستانی لە دیاسپۆرا، ئامادەبووانی سەربەرز، خوشک و برایانی تێکۆشەر.
زۆر خۆشحاڵم، کە ئەمڕۆ بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە لەژێر چەتری ئەم ناوەندە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا، بۆ ئەم سیمینارە گرنگە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی گەلەکەمان پێکەوە کۆ بووینەتەوە.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئێمە خاوەن ڕەهەندێکی مرۆیی و نەتەوەیی قووڵە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر یەکێک لە گەورەترین و دڕندانەترین تاوانەکانی سەدە، کە ئەویش جینۆسایدکردنی خوشک و برا ئێزدییەکانمانە لەلایەن ڕێکخراوی ترۆریستی داعش، ئەو کارەساتەی کە ویژدانی مرۆڤایەتیی هەژاند و برینێکی ساڕێژنەبووی لە جەستەی نیشتمانەکەماندا دروست کرد.
ئەم سیمینارە تەنیا بۆ یادکردنەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکوو هەوڵێکی زانستی و سیاسییە بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی نوێ لە خەباتی ڕەوەندی کوردستانی، ئێمە لێرەین تاوەکوو دڵنیایی بدەین، کە کارەساتی شنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان هەرگیز لە بیر ناکرێت و دەبێت وەک کەیسێکی زیندووی نێودەوڵەتی بمێنێتەوە، لەم سەردەمەدا، کە جیهان بە گۆڕانکارییەکی خێرادا تێدەپەڕێت، ئەرکی سەرشانی هەموو لایەکمانە، کە ڕەوەندی کوردستانی بکەین بەهێزێکی کاریگەر و فشارێکی سیاسیی بەهێز لە وڵاتانی جیهان، تاوەکوو بتوانین بە شێوازێکی مۆدێرن و سەردەمییانە، نەک هەر بەرگری لە مافە ڕەواکانمان بکەین، بەڵکوو ڕێگری بکەین لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە جینۆسایدێکی دیکەی دژ بە گەلەکەمان.
بەڕێزان، ڕێکخستنی ئەم سیمینارە زانستی و سیاسییانە لەم کاتەدا، نیشانەی زیندوویی و خەمخۆریی ئەو دڵسۆزانەیە، کە دەیانەوێت پەیامی مەزڵومییەتی کورد و دەنگی قوربانییانی دەستی تیرۆر بگەیەننە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان، ئەم سەکۆیە شوێنی یەکخستنی دەنگە جیاوازەکانە بۆ ئەوەی بڵێین: ئێمە وەک یەک جەستە، ئازاری خوشک و برا ئێزدییەکانمان بە ئازاری خۆمان دەزانین و کار دەکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەرمی و بە کردەیی قەرەبووی ئەو زوڵمە مێژووییە بکاتەوە.
بۆیە بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانییەوە، دەستخۆشییەکی بێپایان و گەرم ئاراستەی سەرجەم ڕێکخەرانی ئەم سیمینارە شکۆدارە دەکەم، ئێوە بە ماندووبوون و شەونخونیی خۆتان سەلماندتان، کە کورد لە هەر شوێنێکی ئەم سەرەزەوییە بێت، دڵ و مێشکی لای نیشتمان و قوربانییانی گەلەکەیەتی، کارەکانتان جێگەی شانازییە و نیشانەی ئاستی بەرزی هۆشیاریی نەتەوەیی ئێوەیە، ڕێکخستنی کارێکی ئاوا گەورە و کۆکردنەوەی ئەم هەموو پسپۆڕ و توانایە لەژێر یەک سەقفدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵام ئیرادەی ئێوە مەحاڵی گۆڕی بۆ مومکین.
ئێمە وەک کۆنفیدراسیۆن، بڕوای تەواومان بەوە هەیە، کە ڕەوەندی کوردستانیی دەتوانێت ببێتە باڵیۆزخانەیەکی گەورە بۆ ناساندنی جینۆسایدی ئێزدییەکان و پاراستنی شوناسی نەتەوەیی، ئەم کۆنفرانس و سیمینارانە هەنگاوی ستراتیژین بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێین: کورد لە هەندەران هێزێکی هۆشیار و پارێزەرێکی سەرسەختی مێژوو و دەستکەوتە نیشتمانییەکانە.
دەستخۆشی لە هەموو ئەو ئازیزانە دەکەم، کە لە پشت پەردە و لە پێشەوەی کارەکان بوون بۆ سەرخستنی ئەم دەرفەتە، هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی سیمینارەکە دەخوازم و دڵنیام، کە دەرەنجامەکانی ئەم گفتوگۆیانە دەبنە هەوێنی گۆڕانکاری و بەدەستهێنانی دادپەروەریی زیاتر بۆ دۆزی ڕەوای گەلەکەمان و قوربانییانی دەستی توندڕەوی و تیرۆر.
بژی کورد، بژی کوردستان.
سەرکەوتوو بن.

___

فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە دانیمارک بە ڕێزلێنان لە ئافرەتانی کورد یەکەمین چالاکیی خۆی بەڕێوەبرد

Harmn

پەیامی کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بۆ ساڵیادی جینۆسایدی بارزانییەکان

Harmn

کۆنفدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی پەیامێک لەسەر بومەلەرزەکەی باکور و ڕۆژئاوا بڵاودەکاتەوە

Harmn