KDC

هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتورییەکانی نێوان هەرێمی یاروسلاڤ و ڕەوەندی کوردستانی چڕتر دەکرێنەوە

قەهرەمان عوسمان بە نوێنەرایەتی شفا بارزانی، سەرپەرشتیاری گشتیی ڕەوەندی کوردستانی، لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای شارەوانی و حکومەتی هەرێمی یاروسلاڤ لە ڕووسیا کۆبووەوە، لە دیدارەکەدا جگە لە تاوتوێکردنی هەماهەنگییە کلتورییەکان، داوای ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قوتابیانی کورد لە زانکۆکانی ئەو هەرێمە کرا و کارنامەی نوسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی بۆ لایەنی ڕووسی ڕوونکرایەوە.

 


ڕۆژی دووشەممە، 17ی 8ی 2026، قەهرەمان عوسمان، بەهاوڕێیەتی میشا خاڵدیان، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی یاروسلاڤ و هەریەک لە دکتۆر میرزاد حازم، مەمۆ مەمۆیی و دکتۆر هەڤاڵ، لەلایەن گاڤریلۆڤ ئیگۆریڤیچ، جێگری یەکەمی شارەوانی یاروسلاڤ و خاتوو لیبیدیڤا ماریا دمیترییڤنا، بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی یاروسلاڤ پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا، هەردوولا باسیان لە گرنگیی پەرەپێدانی کارە کلتورییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرد.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، شاندی ڕەوەندی کوردستانی بە وردی تیشکیان خستە سەر ئامانج و کارەکانی نوسینگەی دیاسپۆرا لە بارەگای بارزانی، ئاماژە بەوە درا کە ئەم دامەزراوەیە ناوەندێکی کلتورییە و ئەرکی سەرەکی پاراستنی زمان و شوناسی نەتەوەیی کوردستانییانە لە دەرەوەی وڵات. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە نوسینگەکە هانی ڕەوەندی کوردستانی دەدات ببنە هاووڵاتییەکی نموونەیی و سوودبەخش بۆ ئەو وڵاتانەی لێی دەژین، بە جۆرێک کە دووربن لە هەر کارێکی نایاسایی، توندئاژۆیی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان.

وەک بەشێک لە کارنامەی سەردانەکە، شاندی ڕەوەندی کوردستانی داوایەکی فەرمییان ئاراستەی لایەنی ڕووسی کرد بۆ ئەوەی هەرێمی یاروسلاڤ ئاسانکاری پێویست بکات بۆ وەرگرتنی قوتابیانی کورد لە زانکۆکانی ناوچەکەدا، بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاستی زانستی و نێودەوڵەتی قوتابیان.

لای خۆیانەوە، بەرپرسانی شاری یاروسلاڤ وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییەکی زۆر بۆ ئەم پەیوەندییە، پشتیوانی خۆیان بۆ پتەوکردنی هاریکارییە کلتورییەکان لەگەڵ گەلی کورد نیشاندا. هەروەها بەڵێنیاندا کە بە جیدی کار لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن بۆ قوتابیانی کورد بکەن.

___

لەسەر چەند پرسێکی تایبەت ،ڕەوەندی کوردستانی لە سویسرا کۆبونەوە

Harmn

تورکیا دەیان کۆچبەر لە خنکان ڕزگار دەکات

Harmn

ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی چالاکییەکی کولتورییان سازکرد

Harmn