KDC

فیدراسیۆنی دانیمارک بەشداریی مەراسیمی ڕێزلێنانیان لە قوتابییانی کورد کرد

شێروان شاهین-دانیمارک

شەوی شەممە، 22ی ئابی 2026، فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-دانیمارک، لە ئەلبێرتسلوندی ڕۆژاوای ناوەندی پایتەختی دانیمارک، کۆپنهاگن، بەشدارییان لە مەراسیمێک کرد، کە بۆ ڕێزلێنان لە قوتابییانی کورد بەڕێوە چوو.

لە ڕێورەسمەکەدا نوێنەرانی ژمارەیەک لە حزب و ڕێکخراو و کۆمەڵە کوردییەکانی دانیمارک، قوتابییە ڕێزلێنراوەکان و بنەماڵەکانیان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان ئامادە بوون. لەناویاندا ئەندازیاری کورد یەعقووب بۆزان، کە لەناو کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردانی دانیمارک ناسراوە، بەشدار بوو.

نوێنەرانی فیدراسیۆنەکە، گرنگیی پەروەردە و پاڵپشتی نەوەی گەنج و هاندانی قوتابییان بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و پێشکەوتنی ئەکادیمییان دووپات کردەوە.

لە وتارەکەیدا وتەبێژی فیدراسیۆنەکە مەسعود شێخ وتی: پەروەردە یەکێکە لە گرنگترین بوارەکان بۆ بنیاتنانی نەوەیەکی کورد، کە خاوەن زانیاری و ئەزموون و توانای بەشداریی چالاکانە بێت لەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژین.

شێخ وتیشی: تەواوکردنی خوێندن کۆتایی ڕێگە نییە، بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە بۆ نەوەیەکی کوردی خوێندەوار و ڕۆشنبیر، کە لە وڵاتانی دیاسپۆرا گەورە بوون یان خوێندنی خۆیان لەوێ تەواو کردووە.

بەپێی وتەکانی، ئەو قوتابییانەی قوتابخانە و زانکۆکانیان لە دیاسپۆرا تەواو کردووە، لە بواری پسپۆڕیی خۆیاندا دەتوانن لەناو کۆمەڵگە ڕۆژاواییەکاندا دۆزی کورد و کوردستان باشتر بناسێنن. ئاماژەی بەوەش دا، کە قوتابییەکی پسپۆڕ دەتوانێت بە زانیاری و کار و بوونی خۆی لە کۆمەڵگەدا ببێتە “باڵیۆز و پارێزەری” دۆزەکەی.

شێخ هەروەها گرنگیی ڕۆڵی خوێندکار و گەنجانی کوردی لە دانیمارک و ئەورووپا خستەڕوو. بەپێی وتەکانی، ڕۆڵیان تەنیا لە سەرکەوتنی ئەکادیمی و ژیانی پیشەییدا سنووردار نییە، بەڵکوو دەتوانن لە بوارە مەدەنی، زانستی و کولتوورییەکاندا پاڵپشتی کوردستان بکەن و پەیوەندیی نێوان کوردانی دیاسپۆرا و گەلەکەیان لە کوردستان بەهێزتر بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی فیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی-دانیمارک وەلید ئاکرەیی، وتی: نەوەی گەنج ژیانێکی جیاواز لە نەوەکانی پێشوو دەژین، چونکە ئەوان لە قوتابخانە و زانکۆکانی دانیمارک دەخوێنن و لە ژینگەیەکی ئەورووپیی فرە-کولتووریدا ئەزموون و لێهاتوویی جیاواز بە دەست دەهێنن.

ئاکرەیی ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم ئەزموونانە دەرفەتی فراوانتر دەدەنە گەنجان بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی چالاکتر لە کۆمەڵگەی دانیمارکدا بگێڕن و وێنەیەکی ئەرێنیی گەلی کورد و کوردستان پیشان بدەن.

بەپێی وتەکانی، لە هەمان کاتدا گرنگە گەنجان پەیوەندیی خۆیان بە زمان و کولتوور و ناسنامەی کوردییەوە بپارێزن.

لە مەراسیمەکەدا ڕێز لە قوتابییە کچ و کوڕەکانی قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و زانکۆ نرا، ئەوەش وەک نیشانەی سوپاسگوزاری بۆ هەوڵ و سەرکەوتنە ئەکادیمییەکانیان.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، بڕوانامەی ڕێزلێنان بە خوێندکاران بەخشرا و سەرکەوتنە ئەکادیمییەکانیان پیرۆز کرا.

جێی باسە، مەراسیمەکە لەلایەن پارتی یەکێتیی دیموکراتی کورد لە سووریا (ئەلوەحدە) – ڕێکخراوی دانیمارکەوە (یەکێتی) ڕێک خرابوو.

وێنە: شێروان شاهین

___

بەئامادەبوونی شفا بارزانی ، بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات کرایەوە

Harmn

یۆنان:کۆچبەرانی کامپی سامۆس ئازارەکانیان لە دارستانەوە بۆ زیندان درێژەدەدەن

Harmn

شاندی ناوەندی سویسرا و بازل بەشداری یادی 108ساڵەی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دەکەن

Harmn