قەهرەمان عوسمان
بابێ نازێ نووسەر و مامۆستای زانکۆ، کوردی دانیشتووی روسییا، لە پەراوێزی یادی لە دایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، لە هەرێمی یاروسلاڤی روسیا بۆی گێڕاینەوە:
ساڵی ١٩٧٥، شوێن مۆسکۆ، بارودۆخی کوردستان بە نسکۆی شۆڕشدا تێدەپەڕی. خوێندکارانی کورد، کە لە زانکۆکانی یەکێتیی سۆڤیەت دەیانخوێند، داڕماو، کارەساتبار، خۆمان بێ کەس و پشت و پەنا دەبینی، نەتەوەکانی تر هەموویان خاوەن دەوڵەت و ئاڵا بوون، قوڕبەسەرییەکە بۆ ئێمەی کورد بوو، کە دیسانەوە بێ پشت و پەنا ماینەوە!
گردبووینەوە، بڕیارماندا دەست بکەین بەکاری وەرگێڕان، دیرۆکی کورد و کوردستان وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی، بۆ ئەوەی روسەکان بە دیرۆکی کورد ئاشنا بکەین. هەموو ڕۆژان دوای زانکۆ لای یەکێکمان کۆ دەبووینە، گەنگەشەمان دەبوو چۆن و لە کوێ دەست پێ بکەین.
ڕۆژێکیان لای د. سەعدی کۆ ببووینەوە، تا کاتژمێر ٧:٠٠ی ئێوارێ دانیشتین، دواتر دابەزین و دەستمان لە تاکسییەک ڕاگرت، سەرکەوتین و لە گفتوگۆ بەردەوام بووین، شۆفێرەکە بەبێ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە، لە ئاوێنە سەیرێکی کردین و پرسی: ئەو زمانەی قسەی پێ دەکەن چییە؟ گوتمان: کوردییە و ٢٥،٠٠٠،٠٠٠ ملیۆن کەس قسەی پێ دەکات!
پرسی: ٢٥،٠٠٠،٠٠٠ کەسن، گوتمان: بەڵێ، پرسی دەوڵەتتان ناوی چییە و لە کوێیە؟ گوتمان دەوڵەتمان نییە!
شۆفێر ئاوڕێکی سارد و سڕی لێداینەوە و ئیستاپێکی کرد، گوتی: دابەزن.
گوتمان: بۆ؟ گوتی: ٢٥،٠٠٠،٠٠٠ کەس بن و دەوڵەتتان نەبێت، شایەنی ئەوە نین بتان گەیەنم، دەی زوو دابەزن.
بابێ نازێ، کە حەسرەتی بێ دەوڵەتی و ئومێدی سەربەخۆیی زۆر بەجوانیی تێدا خویا دەبوو، لەسەرەخۆ گوتی: ئەگەر لە ئێستادا لەگەڵ هەمان شۆفێر سەربکەوم و پێی بڵێم ٦٠،٠٠٠،٠٠٠ شەست ملیۆن کەسین و هێشتا بێ دەوڵەتین، دەبێ چیمان پێ بڵێت و چیمان پێ بکات؟!

