ئەکادیمیای کوردی لە هەولێر چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان (٣ بەرگ) ٥٢٣ لاپەڕە،
نووسەر پیۆتەر لێرخ
پێشەکی: د. جەبار قادر
وەرگێڕ: مەنسوور سدقی
پیۆتەر ئیڤانۆڤیچ لێرخ، لە مێژووی کوردناسی و کوردۆلۆجی زانستیدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بەرهەمە ناسراوەکەی بەناونیشانی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکانیان”، کە لەنێوان ساڵانی ١٨٥٦ تا ١٨٥٨ لە سێ بەرگدا بڵاو کرایەوە، لە ڕیزی یەکەمین هەوڵە ئەکادیمییەکانە لە بواری لێکۆڵینەوە لە زمان، فۆلکلۆر، کولتوور و ژیانی کۆمەڵایەتیی کورد. زۆربەی توێژەران ئەم بەرهەمە بە دەسپێکی کوردناسی لە ڕووسیا دادەنین.
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا، لە ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریای ڕووسیا، کۆڵینەوە لە مێژوو، ئیتنۆگرافیا، زمان و وێژەی گەلی کورد گرنگیی تایبەتی پێ دراوە. لە سایەی کۆڵینەوەکانی کوردناسان و ئێرانیناسانی وەک “ف. شاڕموو”، “ئا، ڤیلیامینۆڤ-زیڕنۆڤ”، “ئا. ژابا”، “ف. یووستی”، “ئا، ساتسین” و “پیۆتەر لێرخ”، کوردناسیی وەک بەشێک لە مەیدانی ئێرانیناسیی سەدەی ١٩، جێگەی بۆ کراوەتەوە و پەرەسەندنی سەربەخۆیانەی دەست پێ کردووە.
“پیۆتەر” یان “پیتر ئیڤانۆڤیچ لێرخ” وەک ئەندامێکی ئەکادیمیای زانستیی ئیمپراتۆریای ڕووسیا لە ناوەڕاستی سەدەی ١٩دا سەرنج دەخاتە سەر زمانی کورد و مێژووەکەی و سێ ساڵ کاتی ئازادی خۆی بۆ کۆکردنەوەی بابەتی هەمەلایەنە و پەیوەست بەم بوارە تەرخان دەکات. بەشێکی ئەم توێژینەوەیە بە بڕیاری ئەکادیمیا وەک بەرگی یەکەم بە ناوی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان” لە ساڵی ١٨٥٦دا بڵاو بووەتەوە. هەر لەم ساڵەدا بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەکادیمیا، “پیۆتەر لێرخ” سەردانی شاری “ڕۆسڵاڤڵ” دەکات تاکوو لە نزیکەوە بە هاموشۆ لەگەڵ کۆمەڵێک کورد، کە لە شەڕی ڕووسیا و عوسمانیدا لە ناوچەی قەفقاز بە دیل گیرابوون، توێژینەوە لەسەر زمانی کوردی بکات. لە ئاکامدا “لێرخ” گەلێک بابەت سەبارەت بە زمانی کوردی کۆ دەکاتەوە و دوو بەرگی دواتری توێژینەوەکانی تەنیا بۆ زمانی کوردی تەرخان دەکات و ئەکادیمیا لە ساڵی ١٨٥٧و ١٨٥٨، هەر بە ناوی “کۆڵینەوە لە کوردانی ئێرانی و کلدانییە باکوورییە هاوڕەچەڵەکەکانیان” چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. “لێرخ” هاوکات هەرسێ بەرگەکە (٤٥٠ لاپەڕە) لە دوو بەرگدا (٣٨٠ لاپەڕە) کۆ دەکاتەوە و بە ناوی “کۆڵینەوە لە کوردەکان و کلدانییە ئێرانییەکان” بە زمانی ئەڵمانی وەریدەگێڕێت و ئەکادیمیای ڕووسیا لە ساڵی ١٨٥٨ هەردووکیانی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. بەڵام دیاری نەکردووە بۆچی وازی لە “ئێرانیبوونی کوردەکان و هاوڕەچەڵەکییان لەگەڵ کلدانییەکانی باکوور” هێنابێت.

