ئەو شەوەی هاندەرانی وەرزشی لە باکووری کوردستان چاوەڕێیان دەکرد گەیشت، ئەمشەو یاریگەی ئامەد دەبێتە شانۆی یەکێک لە مێژووییترین رووبەڕووبوونەوەکانی خولی سوپەرلیگی تورکیا، کاتێک یانەی ئامەدسپۆر لەنێو خاک و جەماوەری خۆیدا، میوانداری تاقیکردنەوەیەکی سەخت بەرامبەر ترابزۆن سپۆری پڕ لە ئەستێرە دەکات.
بڕیارە سەعات 21:30ی ئەمشەو، 31-08-2026، یانەی ئامەدسپۆر وەک تاقە نوێنەری شاری ئامەد لە خولی نایاب، لە هەفتەی سێیەمی خولەکەدا بەرامبەر ترابزۆن سپۆر بوەستێتەوە، ئەم یارییە تەنیا سێ خاڵی خولەکە نییە، بەڵکو یەکەمجارە زەوی ئامەد پێشوازی لە کۆمەڵێک ئەستێرەی جیهانیی بکات کە لە ریزەکانی یانەی میواندا یاری دەکەن، لە سەرووشیانەوە محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری، فابینهۆی بەڕازیلی و ئەندرێ ئۆنانای گۆڵپارێزی پێشووی مانچێستەر یونایتد و هەڵبژاردەی کامیرۆن.
بایەخی ئەم یارییە وایکردووە خواستی بێوێنە لەسەر بلیتەکان هەبێت، بۆ ئەم مەبەستە و بەهۆی گوشاری زۆری هاندەرانەوە، یانەی ئامەدسپۆر شەوی رابردوو لە کاتژمێر 21:30دا بڕیاری دا 800 بلیتی دیکە بخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی هاندەر ئامادەی ئەم ساتە مێژووییە بن، ئامەدسپۆر کە تاوەکو ئێستا دوو یاری لە خولەکەدا کردووە، خاوەنی سەرکەوتنێک و شکستێکە و بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ دەچێتە نێو ئەم جەنگە وەرزشییەوە، ئەم یارییە یەکێکە لەو دوو یارییەی کە کێبڕکێیەکانی هەفتەی سێیەمی سوپەرلیگی پێ کۆتایی دێت، کە تێیدا بێشکتاش و چۆڕومیش رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
چیرۆکی گەیشتنی ئامەدسپۆر بۆ ئەم قۆناغە، گەشتێکی پڕ لە کۆسپ و سەرکەوتنە، یانەکە کە لە ساڵی 1972 دامەزراوە و رەنگەکانی (سوور، سەوز و سپی) هێمای ناسنامەکەین، سەرەتا بە ناوی (مەلیک ئەحمەد تورام سپۆر) لە خولە میللییەکاندا دەستیپێکرد، لە ساڵی 1990دا بووە موڵکی شارەوانی و ناوی گۆڕا بۆ (یانەی شارەوانی دیاربەکر)، بەڵام وەرچەرخانە گەورەکە لە ساڵی 2014دا بوو کاتێک بە فەرمی ناوی ئامەدسپۆری هەڵگرت.
ئامەدسپۆر لە سێ ساڵی رابردوودا ریکۆردێکی دەگمەنی تۆمارکردووە، لە وەرزی 2023-2024 بووە پاڵەوانی پلە سێ، ساڵی دواتر وەرزی 2024-2025 لوتکەی پلە یەکی داگیرکرد، لە وەرزی 2025-2026یشدا بە هەنگاوێکی مێژوویی گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەرلیگ)، ئێستا ئەم یانەیە نوێنەرایەتی خەونی وەرزشیی گەلێک دەکات لە بەرزترین ئاستی کێبڕکێکاندا.

