KDC

دیمەشق خوێندن بە زمانی کوردی سنووردار دەکات و ناڕەزایەتییەکان رۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سووریا لە بڕیارێکی نوێدا خوێندنی بە زمانی عەرەبی لەو ناوچانەدا سەپاند کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، ئەم هەنگاوەی دیمەشق شەپۆلێکی بەرفراوانی لە ناڕەزایەتی لەنێو هاونیشتمانیانی رۆژئاوای کوردستان لێکەوتووەتەوە و بە هەوڵێک بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و زمانەوانیی ناوچەکە وەسف دەکرێت.

بەگوێرەی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە کە لە 27 ئابی ئەمساڵ دەرچووە، پرۆگرامی خوێندن لە ناوچە کوردنشینەکان بە تەواوی دەبێتە عەرەبی و زمانی کوردی تەنیا بۆ 3 کاژێر لە هەفتەیەکدا کەم دەکرێتەوە، لەگەڵ تەرخانکردنی کاژێرێک بۆ چالاکییە جۆراوجۆرەکان، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا سیستمی خوێندن لەو ناوچانە گۆڕانکاریی ریشەیی بەخۆیەوە بینیبوو.

رۆسێڤ عەلی، قوتابییەکی پۆلی 10 کە تەواوی ژیانی خوێندنی بە زمانی کوردی بەسەر بردووە، یەکێکە لەو هەزاران قوتابیەی کە بڕیارەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی دەبێت، ئەو باس لەوە دەکات کە دوای 10 ساڵ خوێندن بە زمانی دایک، گەڕانەوە بۆ سەرەتایەکی نوێ بە زمانی عەرەبی بۆ ئەو و هاوپۆلەکانی کارێکی زۆر ئەستەمە، رۆسێڤ لە پەراوێزی خۆپێشاندانەکاندا پەیامی خۆی گەیاندە دەسەڵاتداران و رایگەیاند کە، هەرچەندە بەهۆی بارودۆخی سەختی قۆناخەکەوە دەستبەرداری زۆر ماف بوون، بەڵام ئامادە نین دەستبەرداری زمانی کوردی ببن.

لە لایەکی دیکەوە، ئارشەک باراڤی کە مامۆستایەکی دێرینی زمانی کوردییە و لە ساڵی 1986ـەوە بە نهێنی وانەی گوتووەتەوە، بڕیارەکەی حکومەت بە هەڵەیەکی گەورە و نیشانەی نەبوونی نیازی باش دەبینێت، ئەم مامۆستایە کە پێشتر چەندین جار بەهۆی وانەگوتنەوە بە زمانی کوردی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە دەستگیرکراوە، پێیوایە حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی کەمکردنەوەی کاژێرەکانی خوێندنەوە، زمانەکە لە ناوەرۆک بەتاڵ بکاتەوە و کۆنتڕۆڵی پرۆسەی پەروەردە بکات.

نە تەنیا قوتابیان و مامۆستایان، بەڵکو دایک و باوکانیش نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە، لە نێو خۆپێشاندەراندا باوکێک لەگەڵ دوو منداڵەکەی کە کتێبەکانیان بەدەستەوە بوو بەشدار بوو، تاوەکو جەخت لەسەر مافی منداڵەکانی بکاتەوە بۆ خوێندن بە زمانی دایک، قەدەر محەممەد عەلی کە یەکێک بوو لەو منداڵە قوتابیانە، بە شێوەیەکی بڕیاردارانە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو دەیەوێت تەنیا بە زمانی کوردی بەردەوام بێت لە خوێندن.

کێشەی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندیی سووریا لەسەر پرسی زمان، مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بۆ چەندین دەیە، زمانی کوردی لە قوتابخانە و دامەزراوە فەرمییەکانی سووریا قەدەغە بوو و کەسانی وەک ئارشەک باراڤی بەهۆی فێرکردنی ئەو زمانەوە ڕووبەڕووی گرتن و ئەشکەنجە دەبوونەوە، دوای ساڵی 2011 و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە، کوردانی رۆژئاوا توانییان سیستمێکی پەروەردەیی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، بەڵام بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی پەروەردەی سووریا ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی دووبارەی دیمەشق بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی رەهای خۆی و پاشەکشەپێکردن بەو دەستکەوتە کولتوورییانەی کە لە ماوەی رابردوودا بەدیهاتوون.

 

___

نوێنەری کۆنفیدراسیۆن بەشداری نەورۆزی شاری ناشڤیلی کرد

Harmn

بکوژانی خانمە پاڵەوانە کوردەکەی کەرکووک دەستگیر دەکرێن

KDC

کۆمەڵناسێک و دەروونناسێکی کورد، هۆکار و پاڵنەرەکانی کۆچی کوردان، بۆ ڕادیۆی ڕەوەند روون دەکەنەوە

KDC