ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی زاکسن ئەنهالت لە وڵاتی ئەڵمانیا راگەیەندرا و بەپێی ئەنجامەکانیش، پارتە راستڕۆ پەڕگیرەکان بوونە براوەی یەکەمی پرۆسەکە، لە ناو ململانێی لایەنە سیاسییەکاندا، مامەد محەممەد وەک تاکە بەربژێری کورد توانی متمانەی دەنگدەران بەدەستبهێنێت و کورسییەکی پەرلەمانی ئەو ویلایەتە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
بەپێی داتا راگەیەندراوەکان، پارتی ئالتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا بە بەدەستهێنانی 44.5%ی دەنگەکان لە پلەی یەکەمدا دێت، لە بەرامبەردا یەکێتی کریستیان دیمۆکرات 18.5%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لایەنەکانی دیکەش بەم شێوەیە دەنگەکانیان دابەش بووە.
پارتی چەپ 9.5%، پارتی سەوز 9%، پارتی سۆشیال دیمۆکرات 8%، هاوپەیمانی سارا ڤاگنکنێشت 4.5% و پارتی لیبراڵیش تەنها 2%ی دەنگەکانیان بردووەتەوە.
ئەم ئەنجامانە گۆڕانکارییەکی سیاسیی گەورە لەو ویلایەتەی ئەڵمانیادا نیشان دەدەن، بەوپێیەی پارتە راستڕۆکان پێشەنگییەکی بەرچاویان تۆمار کردووە و پاشەکشەی گەورە لە دەنگی بەشێک لە پارتە تەقلیدییەکان بەدی دەکرێت، هاوکات سەرکەوتنی نوێنەرێکی کورد لە ناو ئەم ململانێیەدا، وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ رەوەندی کوردی لەو هەرێمەدا تەماشا دەکرێت.

