لە کاتێکدا سوید ئامادەکاری دەکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە گشتییەکانی رۆژی 13ی ئەیلول، پێگەی ڕەوەندی کوردی بە شێوەیەکی بێوێنە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئەو وڵاتەدا دەدرەوشێتەوە، بەپێی داتاکانی ڕێکخراوە چاودێرەکان، زیاتر لە 200 بەربژێری کورد لەسەر ئاستی پەرلەمان، هەرێمەکان و شارەوانییەکان دەچنە ناو کێبڕکێی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران، کە ئەمەش گەورەترین بەشداریی سیاسیی کوردە لە مێژووی پڕۆسەی دیموکراسیی وڵاتانی ئەوروپادا.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن و ناوەندە هەواڵییە ناوخۆییەکانی سوید، لەنێو کۆی بەربژێرە کوردەکاندا 34 کاندید لە ڕیزبەندی پێشەوە و سەرکردایەتیی لیستی پارتە سەرەکییەکاندا جێگیر کراون، لەو ژمارەیەش، لانیکەم 9 کاندیدی کورد بەهۆی پێگەی پێشکەوتوویان لە بازنە هەڵبژاردنەکانی وەک ستۆکهۆڵم، یۆتۆبۆری و ئۆریبرۆ، خاوەنی چانسێکی زۆر مسۆگەرن بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە پەرلەمانی وڵاتەکە.
لە ڕووی دابەشبوونی حزبییەوە، زۆرینەی کاندیدە کوردەکان لە ڕیزی پارتی سۆسیال دیموکراتدان کە لە ئێستادا بە بەدەستهێنانی نزیکەی 33 لەسەدی دەنگەکان پێشەنگی ڕاپرسییە گشتییەکانە، هاوکات ژمارەیەکی دیکەیان لەناو پارتەکانی وەک پارتی چەپ، پارتی سەوز و پارتی لیبراڵ کێبڕکێ دەکەن.

لە دیارترین ئەو کەسایەتییە کوردانەی لەم خولەدا کێبڕکێ دەکەن، لاوین ڕێدار و قادر کەسیرگەن کە لەسەر لیستی سۆسیال دیموکراتەکان پێگەیەکی جەماوەریی بەهێزیان لە ستۆکهۆڵم هەیە، هەروەها گولان ئاڤجی لە پارتی لیبراڵ کە کێبڕکێ لەسەر پۆستی باڵای شارەوانیی پایتەخت دەکات، هاوکات لەسەر ئاستی هەرێم و شارەوانییەکانیش چەندین رووخساری نوێ وەک ئەندازیار ڕەنجدەر فالیح و هونەرمەند تارا ڕەسووڵ لە ستۆکهۆڵم، و شلێر برادۆستین لە شاری مالمۆ ناویان لە ڕیزبەندی سەرەوەی لیستەکاندا هاتووە.

لەم هەڵبژاردنەدا ململانێی سەرەکی لەنێوان بەرەی چەپ بە سەرۆکایەتیی سۆسیال دیموکراتەکان و هاوپەیمانیی ڕاستڕەوەکان زۆر دژوار و لەیەکترەوە نزیکە، بە جۆرێک هەردوو جەمسەرەکە لە ڕاپرسییەکاندا نزیکەی 46 لەسەدی دەنگەکانیان مسۆگەر کردووە، لەم هاوکێشە هەستیارەدا، دەنگی پێکهاتەی کورد کە لە سوید لەنێوان 150 بۆ 170 هەزار کەس دەخەمڵێندرێت، دەبێتە کارتێکی یەکلاکەرەوە و دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوودا بەلای بەرەی هاوپەیماندا بشکێنێتەوە.

سیستەمی هەڵبژاردن لە سوید بە شێوەی نوێنەرایەتیی ڕێژەییە و چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت، کە تیایدا هاووڵاتییان لە یەک ڕۆژدا دەنگ بە 349 ئەندامی پەرلەمانی ڕیکسداگ، لەگەڵ ئەنجوومەنی 21 هەرێم و 290 شارەوانی دەدەن، بەپێی یاسای هەڵبژاردن، هەر پارتێک پێویستی بە تێپەڕاندنی بەربەستی 4 لەسەدی دەنگەکان هەیە تا بگاتە پەرلەمان، هاوکات بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە هەرێم و شارەوانییەکان مەرجە 3 لەسەدی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

مێژووی بەشداریی ڕەوەندی کوردی لە کایەی سیاسیی سویددا بۆ چەندین دەیە لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، کاتێک پەنابەرانی کورد بەهۆی هەلومەرجی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە روویان لەو وڵاتە کرد، لە هەڵبژاردنەکانی خولەکانی پێشووی ساڵانی 2018 و 2022، کوردان توانییان لە نێوان 6 بۆ 8 کورسیی پەرلەمان مسۆگەر بکەن، بەهۆی بایەخدانی پارتە سۆسیالیست و چەپەکان بە پرسی مافی کۆچبەران و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ڕەوەندی کوردی بە شێوەیەکی نەریتی زیاتر دەنگی بە بەرەی چەپ داوە، هەرچەندە لە ساڵانی دواییدا بەشێک لە سیاسەتوانانی کورد لەنێو پارتە لیبراڵ و میانڕەوەکانی دیکەشدا توانیویانە پێگەی باڵا وەربگرن.

