لە هەڵبژاردنە خۆجێیی و شارەوانییەکانی ویلایەتی نیدەرزاکسنی وڵاتی ئەڵمانیا، 10 بەربژێری کوردی خەڵکی شار و ناوچە جیاوازەکانی باشوور، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێگەی 4 پارتی سەرەکیی ئەو وڵاتەوە متمانەی دەنگدەرانیان بەدەستهێنا و بوونە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی لە شارەکانی ڤۆڵفسبۆرگ، ئۆڵدنبۆرگ، نینبۆرگ، لێر و براونشوایگ.
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەڵمانیا دەرئەنجامی کاندیدە سەرکەوتووەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە شارەوانییەکانی ویلایەتی نیدەرزاکسن بڵاوکردەوە، کاندیدە سەرکەوتووەکان بەسەر پارتەکانی کریستیان دیموکرات CDU، سۆسیال دیموکرات SPD، سەوزەکان Grüne، و چەپ Linke دابەش بوون و فرەڕەنگیی پێکهاتەکانی نیشتمانی دایک نیشان دەدەن:
1-سالار کەرکووکی، خەڵکی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان، سەرکەوتووی بازنەی دیتمیرۆدە لە شاری ڤۆڵفسبۆرگ لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکرات CDU.
2- زەکەریا عەبدولکەریم، بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستان، سەرکەوتووی بازنەی باکوور و ناوەندی شاری ڤۆڵفسبۆرگ لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکرات CDU.
3- نۆژدار سەعید عەبدو، خەڵکی گوندی ڕکاڤا و کۆمەڵگەی شاریا لە پارێزگای دهۆک (باشووری کوردستان) و لە پێکهاتەی کوردی ئێزدی، سەرکەوتووی شاری ئۆڵدنبۆرگ لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان Grüne.
4- دارا عەلی حاول بەکۆ، خەڵکی کۆمەڵگەی خانکێ لە پارێزگای دهۆک (باشووری کوردستان) و لە پێکهاتەی کوردی ئێزدی، سەرکەوتووی شاری ئۆڵدنبۆرگ لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان Grüne.
5- لەیلان دومان، بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستان (ناوچەی مێردین و ڕحا) و لە پێکهاتەی کوردی ئێزدی، سەرکەوتووی شاری ئۆڵدنبۆرگ لەسەر لیستی پارتی چەپ Linke.
6- گۆزەل تولان، بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستان (ناوچەی ئێلح و باتمان) و لە پێکهاتەی کوردی ئێزدی، سەرکەوتووی شاری ئۆڵدنبۆرگ لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات SPD.
7-خەلیل شێخ حەسێ، خەڵکی دەڤەری شێخان و باعەدرێ لە باشووری کوردستان و لە پێکهاتەی کوردی ئێزدی، سەرکەوتووی شاری نینبۆرگ لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات SPD.
8-گولهات دەمیر، بە ڕەچەڵەک لە باکووری کوردستان، سەرکەوتووی شاری لێر لەسەر لیستی پارتی چەپ Linke.
9- هیام شتۆلتن، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان (ناوچەی جەزیرە)، سەرکەوتووی بازنەی ڕۆژئاوای شاری براونشوایگ لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکرات SPD.
10-سیڤەر عەلی، بە ڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان، سەرکەوتووی بازنەی ڕۆژئاوای شاری ڤۆڵفسبۆرگ لەسەر لیستی پارتی کریستیان دیموکرات CDU.
سەبارەت بە سەرکەوتنی گەورەیان لەو هەڵبژاردنەدا، دارا عەلی حاول بەکۆ کە خەڵکی کۆمەڵگەی خانکێ لە پارێزگای دهۆک (باشووری کوردستان) و لە پێکهاتەی کوردی ئێزدیە، سەرکەوتووی شاری ئۆڵدنبۆرگە لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان Grüne، بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی ڕایگەیاند: ئەو هەڵبژاردنەی ئۆڵدنبۆرگە مێژووییە بۆ ئێمەی کوردانی ئێزدی کە چوار لاومان سەکەوتنیان بەدەستهێنا، شارەکانی دیکەش ئومێدی ئەوە دەکەن یەکێکیان سەرکەوتن بەدەست بێنن، ئێمە بەهێز بووین و بەڵێنیش دەدەین ببینە دەنگێکی بەهێز لە شارەوانی ئۆڵدنبۆرگە.
دارا دەڵێت: گەیشتن بەو سەرکەوتنە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵکو پڕ زەحمەتی بوو، بەڵام سوپاسی خودای گەورە دەکەین کە ئێمە سەرکەوتین، گەلی کورد پشتیوانی ئێمە بوو، سوپاسی هەموو ئەو دڵسۆزانە دەکەین کە پشتیوانیان کردین لەو سەرکەوتنەدا.
جێی خۆیەتی ئەوە ئاماژە پێ بکەم، دارا کە ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆڵدنبۆرگە، لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و نیشتمان پەروەرن، زیاتر لە 20 کەسی خانەوادەکەی ئەنفالکراون، بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، داوای لێکردم کە وێنەیەکی خۆی لەگەڵ باوکی بۆ ئێمە بنێرێت و بڵاوی بکەینەوە، چونکە دارا دەڵێت: باوکم رەمزی قوربانیدان و تێکۆشانە لەپێناو دۆزی رەوای گەلەکەی، لەسەر رێبازێکە کە تێیدا زیاتر لە 20 کەسی خانەوادەکەمان بەر شاڵای بەدناوی ئەنفال کەوتوون، بۆیە ئێمەش بە شانازیی کردن بە لاوێکی کوردستان و دڵسۆزی و تواناکانی، داواکەمان لێوەرگرت و وێنەکەمان بڵاو کردەوە.
ئەم سەرکەوتنە بەرفراوانەی کاندیدە کوردەکان بە یەکێک لە دیارترین پێشهاتە سیاسییەکانی ڕەوەندی کوردستانی لە وڵاتی ئەڵمانیا دادەنرێت، لە یاسای کارگێڕیی ئەڵمانیادا، شارەوانییەکان دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەیە لە پرسە بنەڕەتییەکانی وەک ژینگە، دابینکردنی نیشتەجێبوون، قوتابخانە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ویلایەتی نیدەرزاکسن، بەتایبەت شاری ئۆڵدنبۆرگ و ناوچەکانی دەوروبەری، وەک گەورەترین مۆڵگەی نیشتەجێبوونی کوردی ئێزدی و تاراوگەنشینانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان لە ئەڵمانیا ناسراوە، کە دەرچوونی نوێنەرانیان لە نێو هەردوو بەرەی ڕاستی میانڕەو و چەپەکاندا دەرفەتێکی نوێ بۆ بەهێزکردنی دەنگی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوەندە فەرمییەکاندا دەڕەخسێنێت.
کارزان حەیدەر
https://www.facebook.com/karzan.haedar.7






