لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی هەرێمی بەرلین لە پایتەختی ئەڵمانیا، ژیان عومەر نوێنەری پارتی سەوز کە بەڕەچەڵەک خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، توانی سەرکەوتنێکی سیاسیی گرنگ تۆمار بکاتەوە و پارێزگاری لە کورسییەکەی لە پەرلەمانی هەرێمەکەدا بکات.
بەپێی دەرەنجامە فەرمییە بەراییەکانی پرۆسەی دەنگدان کە رۆژی یەکشەممە 20ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەچوو، ژیان عومەر بۆ جاری دووەم لەسەر یەک، لە ڕێگەی دەنگی ڕاستەوخۆی دەنگدەرانی بازنەی ژمارە 3ی ناوەندی بەرلین توانی سەرکەوتن مسۆگەر بکات و رکابەرەکانی لە پارتە سیاسییەکانی دیکە تێپەڕێنێت.
ژیان عومەر توانیویەتی 29%ی تەواوی دەنگە ڕاستەوخۆکانی بازنەکەی بەدەستبهێنێت و لە ڕیزبەندی یەکەمی بەربژێرەکاندا جێگیر بێت، بەمەش دەبێتەوە بە نوێنەری یاسایی هەمان ناوچە لە پەرلەمانی بەرلین، هاوکات لەسەر ئاستی گشتیی هەرێمەکەش، پارتی سەوز بە کۆکردنەوەی 14.3%ی دەنگەکان، پێگەی خۆی لە نەخشەی سیاسیی پایتەختدا بە جێگیری هێشتەوە.
هەرێمی بەرلین یەکێکە لە ناوەندە سیاسییە هەرە گرنگ و فرەڕەنگەکانی ئەڵمانیا، هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەو هەرێمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی پایتەخت هەیە، سیستمەکە دەرفەت بە دەنگدەران دەدات نوێنەرانیان هەم لە ڕێگەی دەنگدانی حزبی و هەم لە ڕێگەی دەنگی ڕاستەوخۆ بە بەربژێری ناوچەکەیان هەڵبژێرن.
ژیان عومەر کە لەدایکبووی شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە سەرەتای ساڵانی دووهەزارەوە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و وەک چالاکوان و سیاسەتمەدارێکی پارتی سەوز، سەرنجی سەرەکیی لەسەر دۆسیەکانی ژینگە، کۆچبەران، یەکسانیی کۆمەڵایەتی و دژایەتیکردنی ڕەگەزپەرستی بووە، بردنەوەی ئەمجارەی، نەک تەنیا سەلمێنەری جێپێی پتەوی ژیانە لەنێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا، بەڵکو دەستکەوتێکی دیاری نوێنەرایەتیی کوردە لە کایەی دیموکراسی و پەرلەمانیی وڵاتانی ئەوروپادا.

