KDC

بەلەمێک لە دەریای ناوەڕاست ژێر ئاوکەوت و چەند گەنجێکی کورد خنکان

پاش زیاتر لە مانگێک لە ونبوونیان لە گەشتێکی دەریاییدا لە نێوان لیبیا و ئیتاڵیا، رێکخراوێکی فریاگوزاریی نێودەوڵەتی وێنە و بەڵگەی خنکانی 18 گەنجی کوردی خەڵکی دەڤەری راپەڕینی لە دەریای نێوەڕاست تۆمار کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا کەسوکاری گەنجەکان لەسەر بنەمای قسەی قاچاخچییەکە پێداگری دەکەن کە کۆچبەرەکان لە ژیاندا ماون و دەستگیرکراون.

پەیوەندیی ئەو 18 گەنجە لە 5ی مانگی ئابەوە بە تەواوی لەگەڵ ماڵەوەیان پچڕاوە، دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی لیبیاوە کەسوکاریان لە دەستپێکی گەشتەکەیان بەرەو ئیتاڵیا ئاگادار کردووەتەوە و قاچاخچییەکان مۆبایلەکانیان لێ سەندوون.

رەنج پشدەری، چالاکڤانی بواری کۆچبەران لە ئەورووپا، پاش مانگێک گەڕان بە نەخۆشخانە و گرتووخانەکانی ئیتاڵیادا هیچ شوێنەوارێکی ئەو کۆچبەرانەی دەست نەکەوتووە، لایەنە فەرمییەکانی ئیتاڵیا بە ناوبراویان راگەیاندووە کە لەمساڵدا 821 تەرمی نەناسراویان لە ئاوەکانیاندا دۆزیوەتەوە و لە توانایاندا نییە ناسنامەی کوردبوونیان یەکلایی بکەنەوە.

سەرەداوی سەرەکیی ئەم دۆسیەیە لە رێگەی رێکخراوی سۆسی ئەڵمانییەوە ئاشکرا بووە، ئەو رێکخراوە لە 15ی مانگی ئابدا لە کاتی کارێکی مرۆییدا لە دەریای نێوەڕاست، وێنەی 18 تەرمی سەر ئاویان تۆمار کردووە کە 11 تەرمیان لە فڕۆکەوە و 7 تەرمیشیان لە رێگەی کەشتییەوە بینراون، بە وتەی رەنج پشدەری، سەرەڕای ئەوەی تەرمەکان شێواون، بەڵام جۆری چووپەکان، نیشانەکانی سەر جەستەیان و هاوکاتبوونی کات و ژمارەی قوربانییەکان لەگەڵ رۆژی ونبوونی بەلەمەکە، پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەوانە هەمان ئەو 18 گەنجە کوردەن.

لە لایەکی دیکەوە، بنەماڵەی گەنجە ونبووەکان هێشتا هەواڵی خنکانی رۆڵەکانیان رەتدەکەنەوە، برای یەکێک لە کۆچبەرەکان ئاشکرای کردووە کە قاچاخچییەکە دڵنیایی پێداون کۆچبەرەکان نەخنکاون، بەڵکو لە ئاوەکانی دەریای نێوەڕاست لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراون و ئێستا لە دەستبەسەریدان.

ڕێڕەوی دەریایی نێوان باکووری ئەفریقا و باشووری ئەورووپا، بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگەکانی کۆچ لە جیهاندا پۆلێن دەکرێت کە ساڵانە سەدان کەس تێیدا دەخنکێن، سنووری ئیدارەی راپەڕین لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا یەکێک بووە لەو ناوچانەی کە زۆرترین گەنجی لە رێگەی قاچاخەوە روویان لە وڵاتانی ئەورووپا کردووە، کە بەشێکی بەرچاویان لە رێگە دەریاییە نایاساییەکاندا بوونەتە قوربانی یان بێسەروشوێن بوون.

___

فیدراسیۆنی لاوان پانێڵێکیان لە زانکۆی سەلاحەدین ساز دا

Harmn

شاندێکی ناوەندی سوید سەردانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانیان کرد

Harmn

لە سلێمانی تەقە لە کوردێکی باکووری کوردستان دەکرێت

KDC