KDC

ستۆکهۆڵم..بە بەشداریی چالاکوانانی کورد لە مۆزەخانەی نۆبڵ مەراسیمێکی تایبەت بە ئاشتی بەڕێوەچوو

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ڕاگەیاندنی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە مۆزەخانەی نۆبڵ لە ستۆکهۆڵم چالاکییەکی تایبەت سەبارەت بە پرسی ئاشتی و گرنگیی خەڵاتەکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا نوێنەرانی ڕەوەندی کوردی و کەسایەتییە دیارە سیاسییەکانی سوێد ئامادەی بوون.

ڕۆژی 9ی 10ی 2026، لە هەمان ئەو ڕۆژەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی لێ ڕاگەیەندرا، مۆزەخانەی نۆبڵ بەرنامەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی ئاشتیی جیهانی و تیشکخستنە سەر خەڵاتگری نۆبڵ ڕێکخست، لەم چالاکییەدا ژمارەیەک لە کوردانی دانیشتووی سوێد، لەنێویاندا ئەندامانی ڕێکخراوی کۆما نەتەوان و کۆمەڵەی ژنانی دیاسپۆرای کورد، وەک بەشداربووی کارا ئامادە بوون.

مارگۆت واڵسترۆم، وەزیری پێشووی دەرەوەی سوێد، یەکێک بوو لە وتاربێژە سەرەکییەکانی مەراسیمەکە، ناوبراو لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر واتا و پێگەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، گرنگیی کارکردن بۆ هێنانەدیی ئاشتی لە سەرتاسەری جیهاندا، هاوکات جەختی لە پێویستیی پابەندبوونی دەوڵەتان کردەوە بە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، چ مافی تاکەکان بێت یان مافی نەتەوە و گەلان.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، بەشداربووان سەردانی پێشانگەیەکی تایبەتیان لەنێو مۆزەخانەکەدا کرد کە لەسەر چەمکی ئاشتی و مێژووی ژیان و بەرهەمەکانی ئەلفرێد نۆبڵ ئامادە کرابوو. مەراسیمەکە بە پێشکەشکردنی چەند تابلۆیەکی مۆسیقا کۆتایی پێهات.

ڕێکخستنی ئەم چالاکییە لە مۆزەخانەی نۆبڵ هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری لیژنەی نۆبڵی نەرویجی لە ئۆسلۆ، کە لەنێو 287 بەربژێردا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بۆ ساڵی 2026 بەخشییە ناڤی پیلای، دادوەری ناوداری ئەفریقای باشوور و کۆمیسیاری باڵای پێشووی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، خەڵاتکردنی پیلای وەک ڕێزلێنانێک بوو لە خەباتی دەیان ساڵەی دژی ڕژێمی ئاپارتاید و هەوڵە بەردەوامەکانی لە دادگەی تاوانەکانی ڕواندا، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوانەکان لە لاهای و چەسپاندنی ئەو بنەمایەی کە ئاشتیی بەردەوام تەنیا لە ڕێگەی سەروەریی یاسا و دادپەروەرییەوە بەدی دێت.

لەو چوارچێوەیەدا، بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەی ستۆکهۆڵم بە بەشداریی کەسایەتییەکی وەک مارگۆت واڵسترۆم و ئامادەبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی کورد لە سوێد، دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ هاوتەریبکردنی پرسی مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەگەڵ بنەما جیهانییەکانی دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە سەکۆ نێودەوڵەتییەکاندا.

___

ئەمەریکا داوا لەتورکیا دەکا موشەک لە ڕووسیا نەکڕێت

KDC

ئەمەریکا سزای پێنج لە هاوکارانی قاعیدە لە تورکیا دەدات

KDC

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی لە مۆسکۆ

KDC