بە بەشداریی فراوانی ڕەوەندی کوردی لە هۆڵەندا، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ژنانی کورد بەڕێوە چوو، تێیدا گرووپی هەڵپەڕکێی کۆما یەک وەڵات لە ڕێگەی پێشکەشکردنی تابلۆی هونەری و هەڵپەڕکێی فۆلکلۆرییەوە، سەرنجی ئامادەبووانی بۆ دەوڵەمەندیی کەلەپووری فۆلکلۆریی کوردستان ڕاکێشا.
ڕۆژی 11ی تشرینی یەکەمی 2026، شاری ئەمستەردام میوانداریی چالاکییەکی جەماوەریی ژنانی کوردی کرد، لە میانەی بەرنامەکانی چالاکییەکەدا، ئەندامانی گرووپی هەڵپەڕکێی کۆما یەک وەڵات بە پۆشینی جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی، زنجیرەیەک هەڵپەڕکێی فۆلکلۆریی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانیان پێشکەش کرد.
نمایشەکانی گرووپەکە، کە بە وزەیەکی بەرز و بە شێوازێکی فۆلکلۆری کران، کەشێکی جۆشوخرۆشیان لە نێو ئامادەبوواندا دروست کرد و بەشداربووان بە گەرمی پێشوازییان لە جووڵە و تابلۆ هونەرییەکان کرد کە گوزارشتیان لە ڕەسەنایەتی و مێژووی کەلەپووری کوردی دەکرد.
ڕەوەندی کوردی لە ئەورووپا، بەتایبەت لە هۆڵەندا، لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی ڕابردووەوە خاوەنی پێگەیەکی چالاکی مەدەنی و کولتوورییە و بەردەوام لە هەوڵی پاراستنی ناسنامەی نەتەوەییدایە لە بەرامبەر مەترسییەکانی توانەوە لە کۆمەڵگەی نوێدا، لەم پێناوەدا، ڕێکخراوەکانی ژنان و گرووپە فۆلکلۆرییەکان وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان نەوەکان کار دەکەن؛،بە جۆرێک کە هەڵپەڕکێی کوردی و پۆشینی بەرگی نەتەوەیی لە بۆنە گشتییەکاندا تەنیا وەک نمایشێکی هونەری نابینرێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی کاریگەری دیپلۆماسیی کولتووری و ڕێگەیەک بۆ پاراستنی زمان، یادەوەریی بەکۆمەڵ و شوناسی نیشتمانی لە هەندەران هەژمار دەکرێت.

