کوردستانییانی تێکۆشەری نیشتەجێی دیاسپۆرا
لە کاتێکدا کە میللەتی ئێمە بە مێژوویەکی پڕ لە ئازار و ئاوارەییدا تێپەڕی، وڵاتانی ئەوروپا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا و سەرانسەری جیهان، باوەشی مرۆڤدۆستانەیان بۆ گەلەکەمان کردەوە و بوونە پەناگەیەکی ئارام تاوەکو لە سایەی یاسا و دیموکراسیدا ژیانێکی سەربەرزانە بنیات بنێینەوە، ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە ناوی سەرجەم کوردستانییانی دیاسپۆراوە، سوپاس و پێزانینی بێپایانی خۆمان بۆ گەلان و حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە دووپات دەکەینەوە، چونکە گەلی کوردستان هەمیشە بە وەفاداری و سوپاسگوزارییەوە دەڕوانێتە ئەو دەرگایانەی لە ڕۆژە سەختەکاندا بە ڕوویدا کرانەوە.
ئەمڕۆ، سەرباری ئەو کێشە، ئالنگاری و گرژییانەی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا سەریان هەڵداوە، داوا لە تەواوی هاونیشتمانییانمان لە دیاسپۆرا دەکەین بەوپەڕی هۆشیارییەوە مامەڵە بکەن، لەسەرووی هەموو شتێکەوە پابەندی دەستوور، یاسا و ڕێساکانی ئەو وڵاتانە بن و بە هیچ شێوەیەک نەچنە سەر شەپۆلی ئەو ئاژاوە و نائارامییانەی کە دروست بوون، پێگەی کوردستانییان هەمیشە پارێزەری ئاشتی، سەقامگیری و شارستانییەت بووە، بۆیە باشترین دەربڕینی سوپاسگوزاریمان بۆ وڵاتانی خانەخوێ ئەوەیە کە بەشێک بین لە پاراستنی ئاسایش و سەروەریی یاساکانیان، نەک بەشێک لە ئاڵۆزییەکان.
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
22ـی 10ـی 2026

