KDC

سێ ژنی کورد لە ڕیزی سوپەر وۆمەنی ساڵی 2026 هەڵبژێردران و بانگەوازی پشتیوانی دەکەن

لە مەراسیمێکی نێودەوڵەتیدا، 228 ژنی سەرکردە و پێشەنگ لە سەرانسەری جیهانەوە وەک سوپەر وۆمەنی ساڵی 2026 خەڵات کران، کە لە نێویاندا سێ ژنی دیاری کورد شایستەی ئەو نازناوە بوون، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، ئاورنگ شاوەیس، یەکێک لە ژنە خەڵاتکراوەکان و لە وتارێکدا کە لە مەراسیمەکەدا پێشکەشی کرد، تیشکی خستە سەر گرنگی ئەم دەستکەوتە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هاوپەیمانییەکی جیهانی بۆ بەهێزکردن و تواناسازیی ژنانی کورد پێکبهێنن.

لە 18ی 10ی 2026، مەراسیمێکی جیهانی بە هاوبەشی هەردوو دامەزراوەی Mahila Udyami Foundation و Kartikey Foundation بەڕێوەچوو، ئەم بۆنەیە بۆ ڕێزلێنان لە تێکۆشان، بوێری و دەستکەوتی ژنانی کاریگەر ڕێکخرابوو، کە لە سەرتاسەری جیهاندا هەوڵی بەردەوامیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە و تواناسازی ژنان داوە.

لەم چوارچێوەیەدا، سێ ژنی تێکۆشەری کورد، ئاورنگ شاوەیس، شیرین زەکی و ئارێز محەمەدی، وەک سوپەر وۆمەنی ساڵی 2026 دەستنیشان کران، هەڵبژاردنی ئەو سێ ژنە کوردە لەسەر بنەمای ئەزموونی درێژخایەن، دەستکەوتە مەیدانییەکان، داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و خزمەتکردنی بێوچانیان بووە بە کۆمەڵگە.

خاتوو ئاورنگ شاوەیس لە لێدوانەکەیدا بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا، کە نزیکەی 4 کاتژمێری خایاند، وتارێکی پێشکەشکردووە و دەنگی ژنانی کوردی گەیاندووەتە ئاستی جیهان، ڕوونیشیکردەوە کە لە وتارەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر خۆڕاگری و ئیرادەی ناوازەی ژنانی کورد، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە مێژوو و ئەزموونی ئەوان تەنها تایبەت نییە بە سنوورێکی دیاریکراو، بەڵکو مۆدێلێکی پڕ لە وانەی ئیلهامبەخشە کە جیهان دەتوانێت لێیەوە فێری ئازایەتی و بەرگری ببێت.

هەروەها خاتوو ئاورنگ بۆ ماڵپەڕی کۆنفیدراسیۆن باسی لەوە کرد، لە کۆڕبەندە جیهانییەکەدا بانگەوازێکی ئاراستەی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردووە تاوەکو پەیوەندی و هاوپەیمانی تۆکمە لەگەڵ ژنانی کوردستان دروست بکەن و پشتیوانی لە پرۆسەی تواناسازییان لە هەموو بوارەکاندا بکەن، بە بڕوای ئەو، دەستەبەرکردنی یەکسانی نابێت تەنها لە چوارچێوەی دروشم و ئامانجی دووردا بمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە بکرێتە ڕێبازێکی ژیان و بنەمایەکی جێگیر بۆ مرۆڤایەتی.

ئاورنگ شاوەیس لە لێدوانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە، ئەم خەڵاتە بە دەستکەوتێکی تایبەتی بۆ هەموو ژنانی کوردستان دەزانێت، نەک تەنها ناساندنێکی کەسی، ڕاشیگەیاند، یەکگرتوویی ژنان کۆمەڵگە پتەوتر دەکات و کاتێک جیهانیش پاڵپشتی لە ڕۆڵی ژنان بکات، ئایندەیەکی دادپەروەرتر بۆ مرۆڤایەتی دەستەبەر دەبێت، چونکە هەموو ژنێک شایستەی تاجی سەرکەوتنی خۆیەتی.

لە مێژووی هاوچەرخدا، ژنانی کورد هاوشانی پیاوان ڕۆڵێکی پڕ لە قوربانیدان و یەکلاکەرەوەیان لە قۆناغە سەخت و هەستیارەکاندا گێڕاوە، لە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و تیرۆرەوە تا کایەکانی پەروەردە، کۆمەڵگەی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ، سەرەڕای قەیرانە لەدوایەکەکان، ژنی کورد بەردەوام هێمای خۆڕاگری بووە و توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ سەختییەکان سەلماندووە.

ناساندنی سێ ژنی کورد لە ڕیزی 228 ژنی کاریگەری سەرانسەری جیهان لەلایەن دوو دامەزراوەی نێودەوڵەتییەوە، گوزارشت لە دانپێدانانێکی فراوانی جیهانی دەکات بە توانا و سەنگی بزووتنەوەی ژنانی کورد، لە هەمان کاتدا، ئەم ڕێزلێنانە ئاماژەیە بۆ پێویستیی دەستەبەرکردنی پشتیوانی زیاتری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ خانمانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو لە ڕێگەی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و بەهێزکردنی ژێرخانی یاسایی و کۆمەڵایەتی، بتوانن لە بڕیاردانی سیاسی و ئابووریدا ڕۆڵی کاریگەرتر بگێڕن و بەشدار بن لە بونیادنانی کوردستانێکی بەهێزتر و پێشکەوتووتر.

 

کارزان حەیدەر

[email protected]

https://www.facebook.com/karzan.haedar.7

___

ئەڵمانیا: بەرپرسی ناوەندی بەرلین بەشداری کۆنفرانسێکی تایبەت بە کورد دەکات

Harmn

گەنجێکی کورد لە ئەڵمانیاوە سیستەمی پاسەکانی هەولێر و سلێمانی بە دیجیتاڵی دەکات

Karzan

گۆڕانکاری لە بیمەی تەندروستی ئەڵمانیا کە ڕەوەندی کوردیش دەگرێتەوە

Karzan