خوێندکارێکی کورد لە وڵاتی ئەڵمانیا، ئەزموونی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەرێگەی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی زیرەکەوە، هەوڵدەدات کۆتایی بە سەرلێشێواویی هاووڵاتییان بهێنێت لە بەکارهێنانی پاسدا، بەم هەنگاوە، سیستەمی گواستنەوەی گشتی لە هەولێر و سلێمانی دەخاتە قۆناغێکی سەردەمیانەی دیجیتاڵییەوە و هانی خەڵک دەدات ئۆتۆمبێلی تایبەت کەمتر بەکاربهێنن.
مەحەممەد ئەمیر، کە گەنجێکی ئەندازیاری کوردە و لە ئێستادا لە شاری بەرلین لە وڵاتی ئەڵمانیا سەرقاڵی خوێندنی ماستەرە، بیرۆکەی دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی هاووڵاتییانی کوردستان جێبەجێ کردووە بە ناوی کوردپاس.
ئەم گەنجە داهێنەرە بە بینینی سیستەمی پێشکەوتووی گواستنەوە لە ئەوروپا، بڕیاریداوە هەمان کلتوور بۆ شارەکانی کوردستان بگوازێتەوە، ئەپڵیکەیشنەکە بە جۆرێک دیزاین کراوە کە بەکارهێنەر دەتوانێت شارەکەی خۆی هەڵبژێرێت و ڕاستەوخۆ نەخشەی شارەکە و تەواوی هێڵەکانی پاسی دێتە بەرچاو، لە ڕێگەی ئەم نەخشەیەوە، هاووڵاتی دەتوانێت خاڵی دەستپێک و کۆتایی گەشتەکەی دیاری بکات، پاشان ئەپڵیکەیشنەکە زانیاریی تەواوی پێدەدات لەسەر ئەوەی کە دەبێت چ پاسێک بەکاربهێنێت، چەند خولەکی پێدەچێت تا دەگاتە جێگاکەی، هەروەها بە چەند وێستگەدا تێدەپەڕێت.
بۆ نموونە، ئەگەر گەشتێک 33 خولەک بخایەنێت، ئەپەکە بە وردی کاتی گەیشتن و شوێنی پاسەکە دیاری دەکات، هاوشێوەی نەخشەکانی گۆگڵ، بەڵام ئەمەیان تایبەتە بە هێڵەکانی پاسی ناوخۆیی.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆژەیە، دروستکردنی پردێکی پەیوەندییە لە نێوان شۆفێرانی پاس و سەرنشیناندا، وەک دەرکەوتووە، زۆرجار هاووڵاتییان ئاگاداری بوونی هێڵەکانی پاس نین لە گەڕەکەکانی خۆیاندا، بۆ نموونە تەنها لە شاری سلێمانی 39 هێڵی پاس هەن کە زۆرێک لە دانیشتووانی شارەکە زانیارییان لەسەری نییە، ئەم ئەپە ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە و هەموو هێڵەکان لەسەر یەک نەخشە کۆدەکاتەوە.
پڕۆژەکە پێشوازییەکی زۆر باشی لێکراوە لەلایەن ناوەندە فەرمییەکانەوە، دروستکەری ئەپەکە بیرۆکەکەی خستووەتە بەردەم هەردوو پارێزگاری هەولێر و سلێمانی و پشتیوانییان لێکردووە، هەروەها لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوەی هەردوو شارەکەدا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە نوێ بکرێنەوە و شۆفێرانی پاسیش ببنە بەشێک لەم تۆڕە دیجیتاڵییە.

