KDC

ئامەدسپۆر لە دەریای ڕەش باهۆزی هەڵکرد و سامسۆنسپۆری بە دە یاریزانەوە بەزاند

لە چوارچێوەی گەڕی 9ـیەمی خولی سوپەرلیگی ترێندیۆل، یانەی ئامەدسپۆر توانی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی گەڕانەوەیەکی گەورە تۆمار بکات، دوای ئەوەی لە گێمی یەکەمدا بە گۆڵێک لە دواوە بوو، لە گێمی دووەمدا یارییەکەی بە ئەنجامی 2-1 لە بەرژەوەندیی خۆی بە کۆتا هێنا و بە سێ خاڵی زێڕینەوە لە یاریگەی سامسۆنسپۆر گەڕایەوە.

لە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی جەماوەریدا لەسەر چیمەنی یاریگەی 19ـی مایسی نوێ لە شاری سامسۆن، ناوبژیوان قەدیر ساغلام فیکەی دەستپێکی یاریی نێوان سامسۆنسپۆری خاوەن ماڵ و ئامەدسپۆری میوانی لێدا.

سامسۆنسپۆر بە پێکهاتەی بیلال، دراپینسکی، ئێراکۆڤیچ، گوارینۆ، تۆماسۆن، مێندێس، وات، سێکۆنگا، سۆسا، کولیبالی و بایۆ دەستی بە یاری کرد، لە بەرامبەردا ئامەدسپۆر بە بەشداریی لافۆنت، کراسنیکی، دێلۆڤا، بەیتس، ئوموت، ڕاڤێلۆسۆن، فورکان، خەلیل، بالێت، سابا و ئۆربان چووە نێو ململانێکەوە.

لە گێمی یەکەمدا ڕیتمی یارییەکە زۆر بەرز بوو، لە خولەکی 21ـدا تیپی خاوەن ماڵ دەستپێشخەری کرد و لۆگی تۆماسۆن توانی گۆڵی پێشکەوتن بۆ سامسۆنسپۆر تۆمار بکات، بەڵام خاڵی گۆڕانکاری یارییەکە لە خولەکی 37ـدا ڕوویدا، کاتێک ئەفۆنسۆ سۆسای یاریزانی سامسۆنسپۆر دووەم کارتی زەردی وەرگرت و بە کارتی سوور لە یاریگە کرایە دەرەوە، بەمەش خاوەن ماڵ بە دە یاریزانەوە مایەوە و گێمی یەکەم بە پێشکەوتنی سامسۆنسپۆر بە ئەنجامی 1-0 کۆتایی هات.

لە گێمی دووەمدا، ئامەدسپۆر بە پلانێکی هێرشبەرانەوە هاتە نێو چیمەن و کۆنترۆڵی تەواوی یارییەکەی گرتە دەست،گوشارە بەردەوامەکانی تیپی میوان لە خولەکی 72ـدا بەدەستهێنانی لێدانێکی سزای لێکەوتەوە، کە پاش خولەکێک ئۆربان بە سەرکەوتوویی گۆڵی یەکسانبوونی لە خولەکی 73ـدا پێ تۆمار کرد.

ئامەدسپۆر بەم ئەنجامە نەوەستا و بەردەوام بوو لە هێرشەکانی، تا لە خولەکی 83ـدا دیا سابا بە لێدانێکی ناوازە تۆڕی گۆڵی سامسۆنسپۆری هەژاند و ئەنجامەکەی کردە 2-1، سەرەڕای ئەوەی ناوبژیوان 7 خولەکی وەک کاتی زیادکراو هەژمار کرد، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەنجامەکەدا ڕووی نەدا و یارییەکە بە بردنەوەی ئامەدسپۆر کۆتایی هات.

ئەم سەرکەوتنە بۆ ئامەدسپۆر بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە یاریگە و کەشوهەوای هاندەرانی ناوچەی دەریای ڕەش هەمیشە یەکێکە لە سەختترین ئاستەنگەکان بۆ تیپە میوانەکان لە خولی تورکیادا، بردنەوەی سێ خاڵ لە دەرەوەی یاریگە لە بەرامبەر ڕکابەرێکی بەئەزموونی وەک سامسۆنسپۆر، نەک تەنیا پێگەی ئامەدسپۆر لە خشتەی ڕیزبەندیی سوپەرلیگدا بەهێزتر دەکات، بەڵکو باوەڕبەخۆبوونی تیپەکە بۆ ململانێکردن لەگەڵ یانە گەورەکاندا دەباتە لوتکە و دەیسەلمێنێت کە ئامەدسپۆر توانای گەڕانەوەی لە قورسترین دۆخەکانیشدا هەیە.

___

شفا بارزانی پیرۆزبایی لە کوردە سەرکەوتووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سوید دەکات

Xelan

بەریتانیا: یاری کۆتایی تیپی تۆپی پێی کوردانی نیوکاسڵ بەڕێوەدەچێت

Harmn

کۆنفدراسیۆن داوایەک ئاڕاستەی کوردانی تاراوگە دەکات

Harmn