بەڕێز بەڕێوەبەرایەتی، کارمەندان، ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی تۆڕی میدیایی کوردستان ٢٤.
بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنی تۆڕی میدیایی کوردستان ٢٤، بە ناوی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی و بەتایبەتی بە ناوی بەشی ڕاگەیاندنی کۆنفیدراسیۆنەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و جوانترین پیرۆزباییەکانمان ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی، هەموو کارمەندان، ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێرانی ئەم دامەزراوە میدیاییە بەڕێزە دەکەین.
کوردستان ٢٤، لە ماوەی یازدە ساڵی ڕابردوودا، خەرمانێکی دەوڵەمەندی لە زانیاری، ڕۆشنبیری، پێشکەوتن و خزمەتکردنی پەیامی ڕاگەیاندنی بەرپرسیارانە کۆ کردووەتەوە. بە هەوڵ و ماندووبوونی ستافی خۆی بووەتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ گەیاندنی دەنگ و پەیامی کوردستان و ناساندنی پرس و خەمی گەلەکەمان بە جیهان.
جێگەی شانازی و پێزانینی تایبەتیی ئێمەیە، کە کوردستان ٢٤، وەک دامەزراوەیەکی گرنگ و هاوکارێکی دڵسۆز، هەمیشە لە چالاکی، بۆنە و بەرنامە جۆراوجۆرەکانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانیدا لە تەنیشتمان بووە و ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕووماڵکردن و گەیاندنی پەیامی ڕەوەندی کوردستانی بە جەماوەر بینیوە.
ئەم هاوکارییە بەردەوامە بۆ ئێمە تەنها هاوکارییەکی میدیایی نەبووە، بەڵکوو نیشانەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی، هاوبەشیی پەیام و باوەڕبوون بەگرنگیی دەنگی کوردستانییانە لە هەر شوێنێکی جیهان.
ئێمە لە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، بە گرنگییەکی زۆرەوە سەیری ئەو جۆرە هاوکاری و پەیوەندییە جوانە دەکەین و سوپاس و پێزانینی خۆمان بۆ هەموو ئەو هەوڵ و ماندووبوونانە دەردەبڕین، کە لەپێناو سەرخستنی چالاکی و پەیامی ڕەوەندی کوردستانیدا داوتانە.
لە یازدەهەمین ساڵیادی دامەزراندنتاندا، هیوادارین ئەم خەرمانە پڕ بەپیتەی یازدە ساڵە ببێتە بناغەی قۆناغێکی نوێ لە داهێنان، پێشکەوتن، سەرکەوتن و گەشەکردنی زیاتر. هیوادارین کوردستان ٢٤ هەروا بە دەنگێکی بەهێز و پەیامێکی ڕوون درێژە بە خزمەتکردنی ڕاگەیاندن و کۆمەڵگەی کوردستان بدات.
یازدەهەمین ساڵیادتان پیرۆز بێت، هەمیشە لە لووتکەی سەرکەوتن و دەستکەوتی گەورەتردا بتانبینین.
بەڕێز و پێزانینەوە
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

