فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-هۆڵەندا و کۆما ١ وڵات، مەراسیمێکی تایبەتییان بۆ یادکردنەوەی قوربانییانی جینۆسایدی ئێزیدییەکان بەڕێوە برد، کە تێیدا گرووپی شانۆیی «کۆما ١ وەڵات» کارێکی هونەرییان پێشکەش کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ٣ی٨ی٢٠٢٦، فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-هۆڵەندا و کۆما ١ وڵات، لە شاری ئەیندهۆڤنی هۆڵەندا مەراسیمێکی تایبەتییان بۆ یادکردنەوەی جینۆسایدی خوشک و برا کوردە ئێزدییەکانی شنگال بەڕێوە برد، کە تێیدا شانۆیەک بە شێوەیەکی هەستبزوێن چیرۆکی کارەسات و ئازارەکانی گەلی ئێزدیی دوای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤، بۆ ئامادەبووان گواستەوە.

لەو مەراسیمەدا، فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-هۆڵەندا، جەختی لەسەر گرنگیی پاراستنی بیرەوەریی قوربانییان، مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی ئایینی و مافەکانی کەمینەکان کردەوە.

هاوکات فیدراسیۆنەکە هەڵبژاردنی هونەر و شانۆی بۆ گواستنەوەی پەیامی یادکردنەوەکە بە هۆکارێکی گرنگ وێنا دەکەن، چونکە هونەر دەتوانێت هەست و ئەزموونی مرۆڤ بگوازێتەوە، کە هەندێک جار وشەکان ناتوانن دەریببڕن.

لە کاتی پێشکەشکردنی شانۆکەدا، بێدەنگی و سەرنجی ئامادەبووان نیشانەی کاریگەریی ئەو پەیامە بوو، کە لەسەر ئازار و خۆڕاگری و هیوا بۆ دادپەروەری دەچوو.
فیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی-هۆڵەندا ڕایگەیاند، کە یادکردنەوەی جینۆساید تەنیا بیرکردنەوە لە ڕابردوو نییە، بەڵکوو هەنگاوێکە بۆ فێربوون لە مێژوو و هەوڵدان بۆ ئەوەی تاوانی جینۆساید و توندوتیژیی دووبارە نەبێتەوە.

جێی باسە، هاووڵاتییانی جیاواز لەڕووی نەتەوەییەوە بەشداریی مەراسیمەکە بوون و تێکڕا پشتیوانییان لە ئاشتی و دژایەتیی ڕق و توندوتیژییان کرد.

